
هەواڵدەرییەکانی کۆماری ئیسلامی ئیدعای ئەوە دەکەن کە مەئموورانی ئیتلاعاتی ئێران بڕێکی زۆر زانیاری و بەڵگەنامەی ستراتێژی و هەستیار، لەوانە هەزاران بەڵگەنامەی پەیوەندیدار بە پلان و دامەزراوە ناوکییەکانی ئیسرائیلیان لەم وڵاتە هێناوەتە دەر و لە ئێستادا سەرقاڵی لێکۆڵینەوەن.
ڕۆژی شەممە ١٧ی خەرمانان هەواڵدەریی دەنگوڕەنگی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە زاری سەرچاوە ئاگادارەکان لە ناوچەکە نووسی: ''دەزگای ئیتلاعاتی ئێران دەستی بە هەزاران بەڵگەنامەی پێوەندیدار بە پلان و دامەزراوە ناوکییەکانی ئیسرائیلی گەیشتووە.''
دەنگوڕەنگی ڕێژیمی ئێران وتوویەتی:"هەرچەندە عەمەلیاتی بەدەستهێنانی ئەو بەڵگەنامانە ماوەیەک لەمەوبەر ئەنجام دراوە، بەڵام قەبارەی زۆری بەڵگەنامەکان و پێویستیی گواستنەوەی ئەم بارانە بە شێوەیەکی سەلامەت بۆ نێوخۆی وڵات بووەتە هۆی ئەوە تا ئێستا "بێدەنگی هەواڵ" لەسەر ئەو بابەتە ڕەچاو بکرێت.
ئیدیعای ئێران بۆ بەدەستهێنانی بەڵگەنامە ناوکییەکانی ئیسرائیل لە کاتێکدایە کە کێبڕکێی زانیاری و هێرشە سایبێرییەکانی نێوان تاران و تێلاڤیڤ لە ساڵانی ڕابردوودا توندتر بووە.
لە ساڵی ٢٠١٨دا بێنیامین نێتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل هێندێک بەڵگەنامەی خستەڕوو کە بە وتەی خۆی لە ئارشیڤی ناوکیی ئێران لەلایەن دەزگای هەواڵگریی ئیسرائیل (موساد)ەوە لە تاران دەستیان کەوتووە. ناوبراو هۆشداری بە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دا کە چالاکییە ناوکییە گوماناوییەکانی ئێران بە کەم نەزانن.
لە بەرامبەردا کۆماری ئیسلامی چەندین جار ڕایگەیاندووە کە توانای بەرەنگاربوونەوەی عەمەلیاتی دژ بە ڕێوشوێنی هەواڵگری و ئەمنیەتیی ئیسرائیلی هەیە، هەرچەندە زانیاری ڕوونی لەبارەی وردەکارییەکانی ئەو ڕێوشوێنانە نەخستووەتە ڕوو.
ڕاپۆرتی میدیایی ئەم دواییەی ئێران دەتوانێ لەم چوارچێوەیەدا شی بکرێتەوە و دەکرێ بە بەشێک لە شەڕی دەروونی، میدیایی و زانیاریی نێوان دوو وڵات هەژمار بکرێت.
لە هەلومەرجێکدا کە دانوستانە ناوکییەکانی ئێران لەگەڵ ڕۆژاوا وەستاوە و ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ناوکی نیگەرانیی خۆی لە هێندێک لە چالاکییە ڕانەگەیەندراوەکانی ئێران دەربڕیوە، ئەم ئیدعایە دەتوانێت کاردانەوەی نێودەوڵەتیی بەربڵاوی لێ بکەوێتەوە.