
کەمی یان نەبوونی دەرمانی گونجاو، بەرزبوونەوەی نرخەکان و کەمیی کواڵێتیی دەرمان لەو کێشانەن کە ڕۆژانە هاووڵاتییان لە ئێران لەگەڵیدا بەرەوڕوو دەبنەوە.
بۆ زۆرێک لە نەخۆشەکان، نیگەرانیی سەرەکیی بەدەستهێنانی دەرمان، کێشەیەکی بەردەوام و ڕۆژانە و هەوڵێکی ماندووکەرە کە تا ئێستا هیچ ئاسۆیەک بۆ باشتربوونی ئەو دۆخە لە ئێراندا نییە.
لەم پێوەندییەدا "بی بی سی" ڕاپۆرتێکی بڵاو کردووەتەوە کە هاووڵاتییان باس لە کێشە و گرفتەکانی بەدەستهێنانی دەرمان لە ئێراندا دەکەن.
بەپێی ئەو ڕاپۆرتە بەشێک لەو هاووڵاتییان باس لەوە دەکەن کە یەک جۆر دەرمان هەر مانگەوە بە نرخێکی جیاواز دەکڕن.
هاووڵاتییەک باسی لەوە کردووە کە دوای ڤایرۆسی کۆرۆنا پێویستی بە سپرەی هەناسەدان هەیە و وتی کە یەکەمجار بە نرخی ٥٠ هەزار تمەن کڕیویەتی دواتر بەرز بووەتەوە بۆ ١٠٠ هەزار تمەن، پاشان ٥٠٠ هەزار تمەن و لە ساڵی ١٤٠٤دا، نرخەکەی لە دەوروبەری ٨٠٠ هەزار تمەن بوو و دواجار لەم مانگەدا بە دوو ملیۆن و ٢٠٠ هەزار تمەن کڕیویەتی.
هەرورها ڕاگەیەندراوە کە لە ئێستادا بەهۆی بەرزبوونەوەی ڕۆژانەی نرخەکان ئیدی هیچ نرخێکی دیاریکراو لەسەر دەرمانەکان نانووسرێن.
لەلایەکی دیکەوە باس لە نەبوونی کواڵێتیی دەرمانەکان کراوە و ڕاگەیەندراوە کە لە ئێستادا بەشێکی هەرە زۆری دەرمانەکان هیچ کواڵێتییەکی باشیان نییە و هیچ کاریگەرییەک لەسەر نەخۆشی دانانێت و هەندێک جار دەبێتە هۆی درووستبوونی هەستیاری لە لەشدا، بۆیە خەڵک ناچارن ڕوو لەو دەرمانانە بکەن کە بەرهەمی ئێران نەبن بەڵام ئەویش لە هەموو دەرمانخانەیەک دەست ناکەوێت و دەگمەنن.
هەروەها باس لەوە کراوە کە هەندێک کەس ناچارن کە لە وڵاتانی دەرەوە داوای درمانی تایبەت بکەن و ئەوەش خۆی کێشەیەکی گەورەیە تاکوو ئەو دەرمانە دەگاتە دەستیان ماوەیەکی زۆر دەکێشێت و تێچوویەکی زۆری دەبێت.
لە چەند حەفتەی ڕابردوودا بەرپرسانی کەرتی تەندروستیی ئێران و ئەندامانی کۆمیسیۆنی تەندروستی و دەرمانی مەجلیسی ڕێژیم ئاماژەیان بە کێشەکانی بەرزبوونەوەی نرخی دەرمان، کواڵێتیی دەرمانی بەرهەمهێنراوی ناوخۆ، نەدانی پارەی بیمە بە دەرمانخانەکان و چەندین گرفتی دیکە کردووە.
بەرپرسانی ڕێژیم خۆیان ئاماژە بە کەمیی دەرمانی سادە لە ئێراندا دەکەن و ئەو کەمبوونەوەیە بۆ خراپ بەڕێوەبردن لە سیستەمی دابەشکردن و دابینکردن و نەبوونی بەڕێوەبردنێکی دروست دەگەڕێننەوە.