کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

واشنگتۆن و پاریس جەخت لەوە دەکەنەوە کە ڕێگە نادەن ئێران دەستی بە چەکی ئەتۆم بگات

12:44 - 18 جۆزەردان 2725

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند کە ئەمریکا و فەرانسە جەخت لە پابەندبوونی هاوبەشی خۆیان بۆ ڕێگریکردن لە ئێران بۆ بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی دووپات کردەوە.

تۆمی بروس وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاند، مارکۆ ڕوبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ ژان نۆئێل بارۆ هاوتا فەرانسییەکەی، دوایین پێشهاتەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیان تاوتوێ کردووە.

لەم وتووێژەدا، جگە لە جەختکردنەوە لەسەر ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەی ئەتۆمیی ئێران، هەردوولا باسیان لە بەردەوامیی پشتیوانیکردنی ئیسرائیل لە دژی گرووپی حەماس کرد.

هەروەها ڕوبیۆ ڕایگەیاندووە کە ئەمریکا بەردەوام دەبێت لە هەوڵدان بۆ ئازادکردنی هەموو ئەو دیلانەی کە لە غەززە گیراون.

هەروەها پرسەکانی پێوەندیدار بە شەڕی ئۆکراین لەو پێوەندییە تلفۆنییەی نێوان هەر دوو وەزیرەکەدا باس کران.