
دوابه‌دوای سزای نوێی وه‌زاره‌تی خه‌زێنه‌داریی ئه‌مریکا بۆ سه‌ر ١٠ کاربه‌ده‌ست و ٢٧ ناوه‌ندی ڕێژیم که پێوه‌ندییان به تۆڕی بانکی نهێنیی ڕێژیمه‌وه بووه، وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ڕێژیم سه‌ره‌ڕای له‌قه‌ڵه‌مدانی ئه‌و سزایانه به نایاسایی، ئه‌و هه‌وڵه‌ی ئه‌مریکاشی به توندی مه‌حکووم کرد.
شه‌وی شه‌ممه ١٧ی جۆزه‌ردان، ئیسماعیل به‌قایی وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ڕێژیم له لێدوانێکیدا ئه‌و گه‌مارۆ نوێیانه‌ی ئه‌مریکای به "نایاسایی و پێشێلکاریی یاساوڕێسا و مافه نێونه‌ته‌وه‌ییه‌کان" له قه‌ڵه‌م دا و هه‌روه‌ها هه‌وڵه‌کانی ئه‌مریکای به دوژمنیی قووڵ و به‌رده‌وامی ئه‌مریکا له‌دژی نیزام" ناوی بردووه.
وه‌زاره‌تی خه‌زێنه‌داریی ئه‌مریکا ڕۆژی هه‌ینی ١٦ی جۆزه‌ردان، ١٠ کاربه‌ده‌ست و ٢٧ ناوه‌ندی پێوه‌ندیدار به تۆڕی نهێنیی بانکی ڕێژیم که له ڕاستای سپیکردنه‌وه‌ی پاره، به‌رنامه ناو‌کی و مووشه‌کی و سه‌رچاوه‌ی داهاتی گرووپه نیابه‌تییه‌کانی ڕێژیم چالاکییان ده‌رکرد، سزا دا.
هه‌ر له‌و پێوه‌ندییه‌دا ڕۆژنامه‌ی "واڵ ستریت ژۆرناڵ" نووسیویه‌تی: "به‌رپرسانی ده‌وڵه‌تی ترامپ ئاگادارن که له کاتی دانوستانه ناوکییه‌کاندا بیانوو نه‌ده‌نه ده‌ستی ئێرانییه‌کان هه‌تا کاربه‌ده‌ستانی ڕێژیم به بیانووی ئه‌و پاساوه بێبنه‌مایانه دژی سزاکان ڕانه‌وه‌ستنه‌وه".
به وته‌ی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریکا، سزاکان ئه‌و ناوه‌ند و کاربه‌ده‌ستانه‌ی ڕێژیم که له ئێران، چین، ئیمارات و هۆنگ کۆنگ چالاکییان ده‌رکرد، له‌خۆ ده‌گرێت.
شایانی باسه ده‌وڵه‌تی ئه‌مریکا له ڕێکه‌وتی ٣١ بانه‌مه‌ڕ هه‌تا ڕۆژی هه‌ینی ١٦ی جۆزه‌ردان هیچ ڕێوشوێنێکی سزای نوێی له دژی ئێران نه‌گرتووبووه به‌ر، به‌رده‌وامیی سزاکان و دووباره کاراکردنه‌وه‌ی گه‌مارۆکان نیشانه‌ی ئه‌گه‌ری سه‌رنه‌گرتنی دانوستانه ناوکییه‌کانی نێوان ئه‌و دوو لایه‌نه‌یه.