
پشتیوانیکردن لە بڕیاری مەجلیسی ڕێژیم بۆ ڕاگرتنی هاوکاریکردن لەگەڵ ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکی و تۆمەتبارکردنی ئاژانس بە سیخوڕیکردن بۆ ئیسرائیل و ئەمریکا، لەلایەن بەرپرسانی ئێرانەوە بەردەوامە.
لە نوێترین لێدوانی بەرپرسانی ڕێژیم بە دژی ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکی، عەبدولوەحید فەیازی، ئەندامی کۆمیسیۆنی پەروەردەی مەجلیس، ڕایگەیاندووە کە چاوەدێران و کامێراکانی ئاژانس، سیخوڕییان بۆ ئیسرائیل و ئەمریکا کردووە.
ئەم بەرپرسەی ڕێژیم زیادیشی کردووە کە پاش پەسەندکردنی گەڵاڵەی ڕاگرتنی هاوکارییەکان لەگەڵ ئەم ئاژانسە، دەستی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ چاوەدێریکردن بە سەر بەرنامە ناوکییەکانی ئێراندا بڕدراوە.
لە پاش دەسپێکی هێرشەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا بۆ سەر بنکە ناوکییەکانی ئێران، بەرپرسانی باڵای ڕێژیم بە شێوەیەکی توند بەرامبەر بە ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکی و ڕافائێل گروسی، بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانس، هەڵوێستیان گرت و تەنانەت هێندێکیشیان هەڕەشەی تۆڵەکردنەوەیان لە گروسی کردبوو.
ڕۆژنامەی کەیهان، نزیک لە عەلی خامنەیی و زمانحاڵی سیاسەتەکانی، ڕافائێل گروسیی بە سیخوڕی ئیسرائیل لە قەڵەم دا و خوازیاری لەسێدارەدانی ناوبراو بوو.
پاش پەسەندکردنی گەڵاڵەی ڕاگرتنی هاوکارییەکان لەگەڵ ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکی، چاودێرانی ئەم ئاژانسە لە سنووری ئەرمنستانەوە لە ئیران چوونە دەرەوە.
ئەمریکا، ئاڵمان و فەرانسە ئەم بڕیارەی تارانیان بۆ ڕاگرتنی هاوکارییەکان لەگەڵ ئاژانس مەحکووم کردووە.