
ڕۆژنامەی گاردییەن لە ڕاپۆرتێکی شیکاریدا پەرژاوەتە سەر ڕۆڵی ئێستای هێزەکانی ئورووپا لە چارەسەرکردنی کێشەی ناوکیی ئێران و کەمبوونەوەی دەسەڵاتیان لە هاوکێشەکانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست.
گاردییەن لە سەر ئەو بڕوایە کە وڵاتانی ئورووپایی لە ئێستادا نیگەرانی ئەوەن کە دۆناڵد ترامپ، سەرۆککۆماری ئەمریکا، پاش هێرشەکان بۆ سەر بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران، چیدیکە سەقامگیریی دۆخی نیوخۆی ئێرانی بەلاوە گرینگ نەمابێت.
هەر لەم پێوەندییەدا، بەرپرسی سیاسەتە دەرەکییەکانی یەکیەتیی ئورووپا لە ڕۆژانی ڕابردوودا لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئێران قسەی کردووە و داوای لێ کردووە کە ڕێگە بدەن بە چاوەدێرانی ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکی بگەڕێنەوە نێو ئێران.
بەپێی ڕاپۆرتەکەی گاردییەن، ئورووپا جگە لە قەیرانی ناوکیی ئێران نیگەرانییەکی دیکەشی هەیە، ئەویش نیگەرانی سەبارەت بە کاڵبوونەوەی ڕۆڵی خۆی لە هاوکێشەکانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستە.
جێی ئاماژەیە کە پاش هاتنەسەرکاری دەوڵەتی دۆناڵد ترامپ، ئورووپا بە شێوەیەکی بێوێنە لە دانیشتنەکان و وتووێژەکان سەبارەت بە چارەسەکردنی کێشەی ناوکیی ئێران بە پێچەوانەی ڕابردوو، خرایە پەراوێزەوە.
ئەمە لەکاتێکدایە کە ترۆئیکای ئورووپایی ناسراو بە سێ وڵاتی بریتانیا، فەرانسە و ئاڵمان، ڕۆڵی سەرەکییان لە ڕێکەوتنی بەرجام لە ساڵی ٢٠١٥ی زایینیدا هەبوو.
ئەم ڕۆژنامە بریتانیاییە لە درێژەی ڕاپۆرتەکەیدا و بە ئاماژەدان بەوەی کە عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی، پێشتر و لە کاردانەوە بە بێهەڵوێستیی وڵاتانی ئورووپایی لە کاتی هاتنەدەرەوەی ترامپ لە ڕێککەوتنی بەرجام لە لێدوانێک لەگەڵ ئەم ڕۆژنامەدا وتبووی: "ڕەنگە ئێمە لەگەڵ کەسانی هەڵەدا وتووێژمان کردبێت"، باسی لەوە کردووە کە ترامپ هاوکات لەگەڵ دوایین وتووێژەکانی ئەمریکا لەگەڵ ئێران بە دەنگی بەرز وتی: "تاران نایهەوێت لەگەڵ ئورووپا قسە بکات. ئەوان دەیانهەوێت لەگەڵ ئێمە قسە بکەن و ئورووپا ناتوانیت یارمەتییەک لەم پێوەندییەدا بدات".
ڕاپۆرتەکە لە بەشێکی دیکەدا ئاماژە بە هەڵوێستی ترۆئیکا لە کاتی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران دەکات و پێی وایە کە ئەوان لە ئیستادا تووشی جیاوازیی بیروڕا بوونەتەوە.
گاردیەن لەم پێوەندییەدا هەڵوێستی فەرانسە لەمەڕ مەحکوومکردنی هێرشەکانی لەگەڵ ئاڵمان هەڵسەنگاندووە کە بەتەواوەتی پشتیوانیی لە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران کرد.