کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ترامپ: لەگەڵ ئیسرائیل سەبارەت بە ڕێژیمی ئێران، لەسەر پرۆژەی هاوبەش کار دەکەین

10:35 - 16 پووشپەڕ 2725

ڕۆژی یەکشەممە ١٥ی پووشپەڕی ١٤٠٤ی هەتاوی، دۆناڵد ترامپ سەرۆککۆماری ئامریکا ڕایگەیاند کە لەگەڵ ئیسرائیل سەبارەت بە ڕێژیمی ئێران پێکەوە هاوکاری دەکەن و هاوپەیمانییەkی درێژماوە پێک دێنن.

هەر لەو پەیوەندییەشدا بێنیامین نێتانیاهوو سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل پێش سەفەرەکەی بۆ ئەمریکا باسی لە هاوکارییەکانی ئەمریکا بۆ ئیسرائیل کردبوو و سپاسی ترامپی کردبوو.

ترامپ هەروەها وتوویەتی کە پێویستە ڕێژیمی ئێران مل بۆ مەرجەکانی ئامریکا بدات و تەسلیمی ویست و خواستەکانی ئەوان بێت و هەروەها وتی هێرش بۆ سەر بنکە ناوکییەکانی ڕێژیم لەنێو ئێراندا، ڕەزایەتی تەواوی کۆمیسیۆنی وزەی ناوکیی لەسەر بووە.

ترامپ هەروەها ڕایگەیاند کە ناوبراو ڕۆژی هەینی١٣ی پووشپەڕی ١٤٠٤ لەگەڵ ئەو فڕۆکەوانانە کۆ بووەتەوە کە هێرشیان کردبووە سەر بنکە ناوکییەکانی ڕێژیم و ئەوان وتوویانە هەموو دامەزراوەکانیان لەناو بردووە یانی هیچ شتێک لەو دامەزراوانە نەماوەتەوە.

بێنیامین نێتانیاهووش ڕایگەیاندبوو کە بە هاوکاریی ئامریکا توانیویانە سەرکەوتنی گەورە بەسەر ڕێژیمی ئێراندا مسۆگەر بکەن و هەروەها وتوویەتی کە گەورەترین مەترسی واتە هەڕەشەی ناوکیی ڕێژیمی ئێرانیان لەناو بردووە.