کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هۆشدارییەکان لەمەر دۆخی خراپی ژنانی بەندکراو لە قەرچەکی وەرامین

10:55 - 16 پووشپەڕ 2725

هاوکات لەگەڵ ڕاگواستنی زۆرەملێی دەیان بەندکراوی سیاسیی ژن لە بەندی ژنانی  بەندیخانەی ئێڤینەوە بۆ بەندیخنەی قەرچەکی وەرامین، کەمپەینی ئازادیی وریشە مورادی بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک، سەبارەت بە خراپبوونی دۆخی ئەم بەندکراوانە هۆشداریی دا و خوازیاری هەوڵی خێرای ناوەندە مافی مرۆییە نێوخۆیی و دەرەکییەکان بوو.

لەم بەیاننامەیەدا کە لە سێزدەەمین ڕۆژی ڕاگواستنی بەندکراواندا بڵاو کراوەتەوە، باس لە دۆخی نامرۆڤانەی زاڵ بەسەر بەشی دابڕگەی بەندیخانەی قەرچەکی وەرامیندا کراوە.

کەمپەینی ئازادیی وریشە مورادی بە پشتبەستن بە پێوەندییە تلفۆنییەکانی بەندکراوان لەگەڵ بنەماڵەکانیان ڕایگەیاندووە کە دۆخی جەستەیی و دەروونی زۆربەی ئەم کەسانە ناجێگیرە و بەرپرسانی بەندیخانە هیچ وڵامێکی کاریگەر بە سکاڵا و ناڕەزایەتییەکانیان نادەنەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی ئەم کەمپەینە، کەرەستەی فێنکەرەوە لە ژوورەکانی ئەم بەندیخانەیەدا بە ڕادەی پێویست نین و گەرمای تاران و نەبوونی هەوای پاک، مەترسیی تووشبوونی بەندکراوان بە نەخۆشیی زیاتر کردووە.

هاوکات لەگەڵ ئەوەش لە ڕۆژانی سەرەتاوە، زێرابی بەندیخانەکە تووشی کێشە بووە و ئەمەش پیسبوونی شوێنەکەی بەدواوە بووە و تەندروستیی بەندکراوانی خستووەتە مەترسییەوە.

پاریزراونەبوونی چیشتخانە، کەمبوونی ئیمکاناتەکەی و ئەگەری ژاراویبوون بە گاز، دەستڕانەگەیشتن بە فرۆشگا و شوێنە گشتییە کراوەکان، بچووکی و تەنگەبەربوونی ژوورەکان لە کێشەکانی ئەم بەندکراوانەن.

ناڕوونیی دۆسییەکان و داهاتووی نادیار و دوورەپەرێزیی دەروونی، ئاستی دڵەڕاوکێ و خەسارە دەروونییەکانیشی زیاتر کردووە و کەمپەینەکە هۆشداریی داوە کە ئەمە دۆخی بەندکراوان دەخاتە مەترسییەوە.

کەمپەینەکە ڕاگواستنی کتوپڕ و بە بێ ئاگاداریی پێشوەختەی بەندکراوان بە ئەم بەندیخانەی بە جۆرێک لە هەوڵەکان بۆ زۆرکردنەوەی گوشارەکان و تەنبێکردنی چەند قاتی بەندکراوان ڕاگەیاندووە و داوای لە ناوەندە مافی مرۆییەکان، ڕیپۆرتەری تایبەتی مافی مرۆڤی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە کاروباری ئێران و باقی ناوەندە نێونەتەوەییەکان کردووە کە کاردانەوە نیشان بدەن و هەوڵ بۆ کۆتاییهێنان بە پێشێلکردنی ئاشکرای مافی مرۆڤ لە بەندیخانەی قەرچەکی وەرامین بدەن.