کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیم بە شێوازی جیاواز هاووڵاتییان دەپشکێنێ

11:37 - 16 پووشپەڕ 2725

لەگەڵ ئەوەی کە نزیک دوو حەفتە بەسەر ڕاگەیاندنی ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و کۆماری ئیسلامیدا تێدەپەڕێت، ڕاپۆرتەکان باس لە چڕکردنەوەی هەوڵەکانی ڕێژیم و ناوەندە سەرکوتکەرەکانی بۆ پشکنینی زیاتری خەڵک دەکەن.

جیا لە جێگیرکردنی خاڵی پشکنین لە شوێنی هاتنە ژوورەوە و چوونە دەرەوەی شارەکان و بەربڵاوبوونەوەی شەپۆلی دەسبەسەرکرانەکان بە تۆمەتی ئەمنییەتی و دەسکاریکردنی یاساکان بۆ سەرکوتی زیاتر، ناوەندە داپڵۆسێنەرەکانی ڕێژیم بۆ پشکنینی خەڵک ڕێوشوێنی نوێتریان لەبەر گرتووە.

بە پێی زانیارییەکان لە دوو ناوچەی تاران و ناوچەیەکی کەرەج، هێزە لیباس شەخسییەکان بە هەڕەشەکردن و ترساندنی کاسبکاران و خەڵکی ئاسایی کە بۆ پارێزرابوونی زیاتری خۆیان کامێرای چاوەدێرییان داناوە، داوای ڤیدیۆی کامێراکانیان لێ کردوون.

وتەبێژی فەراجا لەمبارەوە ڕایگەیاندووە کە ئەم هەوڵانە بە مەبەستی دابینکردنی لانیزۆریی ئەمنیەتن.

بەم پێیە هێزەکانی بەسیجی گەڕەکەکان بە نیوەشەودا دەچنە ماڵی خەڵک و داوای بینینەوەی ڤیدیۆی کامێراکان دەکەن.

ئەمە لەکاتێکدایە کە ڕێژیم هاوکات لەگەڵ دەسپێکی شەڕەکە بە شێوەی جۆراوجۆر و یەک لەوان لە ڕێگەی پەسەندکردنی یاسای نوێوە و بۆ چاوترسێنکردن، هەوڵی سەرکوتی خەڵک لەژێر ناوی سیخوڕی بۆ ئیسرائیل دەدات.

مەجلیسی ڕێژیمی ئێران ڕیکەوتی ٢ی پووشپەڕ و لە پاش دەرکەوتنی دزەکردنی بەربڵاوی مووساد لەنێو ئێران، بەمەبەستی بەرپەرچدانەوەی هەوڵە سیخوڕییەکانی ئیسرائیل گەڵاڵەیەکی پەسەند کردووە.
بەپێی ئەم گەڵاڵەیە هەر چەشنە چالاکی و هاوکارییەک لەگەڵ ئیسرائیل، ئەمریکا و تەنانەت گرووپە دژبەرەکانی کۆماری ئیسلامیش، وەک "افساد فی الارض" دێتە ئەژمار کە ئەم تاوانە لە سیستمی بەناو دادوەریی کۆماری ئیسلامیدا سزای لەسێدارەدانی بەدواوەیە.