کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆچی دوایی ئەندامێکی حیزبی دێموکرات لە ورمێ

15:55 - 16 پووشپەڕ 2725

شەوی شەممە ١٤ی پووشپەڕی ١٤٠٤، مام حاجی ڕەشید موزدگیر، ئەندامی چالاک و هەتا سەر وەفادار بە رێگا و ڕێبازی حیزبی دێموکرات لە شاری ورمێ کۆچی دوایی کرد.

مام حاجی خەڵکی گوندی شێخ شەمزین لە ناوچەی تەرگەوەڕی ورمێ و دانیشتووی شارۆچکەی دزەی سیاوەشی ورمێ بوو.

ناوبراو هەر لە سەرەتای سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران بە دژی ڕێژیمی پاشایەتی، پێوەندی بە ڕێکخستنەکانی حیزبی دێموکراتەوە دەکات و وەک ئەندامێکی چالاک ئەرکە پێ ئەسپێردراوەکانی بەجێ دەگەیەنێت.

مام حاجی چەندین جار لەلایەن ئیتلاعات و بەکرێگیراوانی ڕێژیمەوە لە ناوچە و ورمێ گیرا و زیندانی و ئەشکەنجە کرا؛ ڕێژیم زۆری هەوڵ دا بەو گرتن و ئەشکەنجەیە کەمترین زانیاریی ڕێکخستنی لە حاجی ڕەشید وەربگرێت بەڵام مام حاجی وێڕای پاراستنی نهێنییە تەشکیلاتییەکان، هەموو جارێش دوای ئازادبوون، بە وشیاریی زیاترەوە بەردەوام دەبوو لە درێژە پێدانی ئەرکەکانی.

حاجی ڕەشید مڕۆڤێکی نیشتمانپەروەر و حیزب‌ خۆشەویست و کەسایەتییەکی دیار و جێگای باوەڕی خەڵکی ناوچە بوو.

ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەم بۆنەوە سەرەخۆشی لە بنەماڵە و خزم و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.