
لە درێژەی شەپۆلی بەربڵاوی دەسبەسەرکرانەکان بە ئیدعای "سیخوڕی بۆ ئیسرائیل"، سپای پاسداران لە پارێزگای هەمەدان باسی لە دەسبەسەرکردنی کەسێک بە تۆمەتی پێوەندی لەگەڵ مووساد کرد.
پاسدار عەلی ئەکەبر کەریمپوور، جێگری پێوەندییەکانی سپای ئەنسارولحوسێن، ڕۆژی شەممە ١٥ی پووشپەڕ ئیدعای کرد کە ئەم کەسە بە کەڵکوەرگرتن لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، سەبارەت بە کارمەندانی ناوەندە سەربازی و ئەمنییەتییەکان زانیاریی کۆ کردووەتەوە.
ئەم ئیدعایە لە کاتێکدایە کە بە وتەی چاوەدێران، لە ماوەی حەفتەکانی ڕابردوودا، شەپۆلی دەسبەسەرکرانە سەرەڕۆیانەکان لە چەن پارێزگای ئێراندا خێرا بووەتەوە و نیگەرانییەکان سەبارەت بە کەڵکئاوەژوو وەرگرتن لە تۆمەتی سیخوڕی بۆ سەرکوتی ڕەخنەران و چالاکانی مەدەنی زۆر بووەتەوە.
هەواڵدەریی فارس، سەر بە سپا حەفتەی ڕابردوو باسی لە دەسبەسەرکردنی زیاتر لە ٧٠٠ کەس بەم تاوانە کردبوو و ڕاپۆرتەکانیش باس لە لەسێدارەدانی لانیکەم چوار کەس بەم تۆمەتە بە بێ هەبوونی بەڵگەی سەربەخۆ یان پێڕاگەیشتنی بێلایەنانە دەکەن.
هاوکات، مەجلیسی ڕێژیم گەلاڵەیەکی پەسەند کردووە کە ناردنی وێنە و ڤیدیۆ بۆ میدیا دەرکەییەکان وەک سیخوڕی پێناسە دەکات.
ڕەخنەگران هۆشدارییان داوە کە ئەم پەسەندکراوە ڕێگا بۆ هەڵسوکەوتی ئەمنییەتی لەگەڵ هاوولاتییان و ڕۆژنامەوانان زیاتر لە ڕابردوو هەموار دەکات.
لە کاتێکدا کە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی تاکوو ئێستا بەڵگەیەکی ڕوونیان بۆ پشتڕاستکردنەوەی ئەم ئیدعایانە ڕادەست نەکردووە بەردەوام بوونی ئەم هەڵسوکەوتە پرسیارگەلێکی جیددی لەبارەی ڕەوایی و ناڕاستیی ناوندە ئەمنییەتییەکان لە ئێراندا دێنێتە ئاراوە.