
ماڵپەڕێکی ئیتالیایی لە ڕاپۆرتێکدا باسی لەوە کردووە کە کۆماری ئیسلامی تۆڕێکی سێبەر و ئاڵۆزی لەم وڵاتە دروست کردووە تاکوو بانگەشە بۆ ئیدۆلۆژییەکانی بکات و دژبەرانی خۆی پێ کۆنتڕۆڵ بکات.
ماڵپەڕی هەواڵدەریی "لینکیستا" لەم ڕاپۆرتەدا کە ڕۆژی دووشەممە ١٦ی پووشپەڕ بڵاوی کردووەتەوە، بەسەرهاتی چەند دژبەری کۆماری ئیسلامیی ئێرانی لە شارەکانی وەک ڕۆم و میلان گێڕاوەتەوە کە لەلایەن ڕێژیمەوە هەڕەشەیان لێ کراوە.
لە بەشێکی ئەم ڕاپۆرتەدا و لە زاری ژنێکی دژبەری ڕێژیمەوە هاتووە: "پاش خۆپیشاندانەکان بە شوێنمدا دەگەڕان، هێڵی تلفۆنەکەم بڕا و هەڕەشەیان لە بنەماڵەکەم کرد کە لەنێو ئێرانن".
لینکیستا بەسەرهاتی دژبەرێکی دیکەی ڕێژیمی باس کردووە کە کەسانێک چوونەتە نێو ماڵەکەی و فلەش مێمۆرییەکانیان بردووە و پاشان لە کۆبوونەوەیەکی ناڕەزایەتیدا لە بەردەم باڵوێزخانەی کۆماری ئیسلامی لە ڕێگەی مەئموورێکی ڕێژیمەوە هەڕەشەی لێ کراوە کە لە ژێر چاوەدێریدایە.
لەم ڕاپۆرتەدا بە پشتبەستن بە چەند سەرچاوەی ئاگادار هاتووە کە پێکهاتەیەکی ١٥ تا ٢٠ کەسی لەنێو باڵوێزخانەی ئێران لە ڕۆم بۆ بەدواداچوون، کۆنتڕۆڵی سایبێری و ڕادەستکردنی ڕاپۆرتەکان بۆ تاران دامەزراوە کە لەگەڵ وەزارەتی ئیتلاعاتی ڕێژیمدا هاوکاری دەکەن.
ئەم ماڵپەڕە لە بەشێکی دیکەی ڕاپۆرتەکەیدا باسی لەوە کردووە کە کۆماری ئیسلامی لە ڕێگەی دزکردنە نێو زانکۆکانی ئیتالیاوە هەوڵی داوە تاکوو ڕوخسارێکی باش و دژە داگیرکەر لە کۆماری ئیسلامی نیشان بدات.
بەپێی زانیارییەکانی ئەم ڕاپۆرتە، سێ زانکۆی بەهەشتی، خومەینی و تەباتەبایی لەگەڵ زانکۆکانی ڕۆم، فلۆرانس، بۆلۆنیا، توورین و میلان هاوکارییان هەیە.
لە بەشێکی دیکەی ڕاپۆرتەکەدا باس لە مزگەوتی "ئیمام مەهدی"، لە ڕۆم کراوە کە ناوەندی سەرەکیی شێعە مەزهەبەکان لە وڵاتی ئیتالیایە کە بانگەشە بۆ ئیدۆلۆژی و گێڕانەوەکانی کۆماری ئیسلامی لە کەسانێکی وەک حەسەن نەسروڵڵا، ڕێبەری پێشووی حیزبوڵڵای لوبنان دەکات.
ئەم ماڵپەڕە ئەوەشی باس کردووە کە نیشانەگەلێک لە هاوکاریکردنی تۆڕی کولتووریی شێعەکان لە ئیتالیا و ڕەوتە توندئاژۆ ڕاستەکان لەم وڵاتە دەبیندرێت.
لە کۆتایی ڕاپۆرتەکەدا ئاماژەیەک بە ڕۆڵی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە ئیتالیا بۆ پەراوێزخستنی ناڕەزایەتییەکان لە ئێران و داپۆشینی دەسەڵاتی سەرکوتکەری کۆماری ئیسلامی کراوە.
ساڵانێکە کە وڵاتانی ئورووپایی سەبارەت بە دزەکردنی کۆماری ئیسلامی لە وڵاتەکانیاندا هۆشدارییان داوە.
هەر لە ماوە ساڵانی ڕابردوودا ژمارەیەکی بەرچاو لە تۆڕە تاوانکارەکانی سەر بە ڕێژیم لە وڵاتانی وەک سوید، هولەند، بێلژیک، ئاڵمان، ئیتالیا و لەم دواییانەشدا بریتانیا، ئاشکرا کراون.