
یەحیا ڕەحیمسەفەوی، ڕاوێژکاری ڕێبەری کۆماری ئیسلامی، لە هەڕەشەیەکی دیکەدا ڕوو لە ئیسرائیل ڕایگەیاندووە کە هێزە چەکدارەکانی ئێران بۆ هەر چەشنە سیناریۆیەک ئامادەییان هەیە.
سەفەوی لە وتووێژێکدا بە ئاماژەدان بە شەڕی ١٢ ڕۆژە و کوژرانی فەرماندە باڵاکانی ڕێژیم ڕایگەیاندووە کە سەرەڕای هەموو ئەو خەسارانە حکوومەت نەڕووخاوە و لێک نەترازاوە و زیادیشی کردووە کە ئەوە "نێتانیاهوو" بووە کە شکستی خواردووە.
ناوبراو هێرشە مووشەکییەکانی ئێران بۆ سەر ئیسرائیلی بە ڕووداوێکی بێوێنە لە ماوەی ٧٠ ساڵ بە دژی ئیسرائیل لە قەڵەم داوە و جەختیشی کردووەتەوە کە مووشەکەکانیان هەر یەک خاوەنی ٨٠ کڵاوەی جەنگیی بووە کە ناوچەیەکی بەرینی لە شارەکانی ئیسرائیل کردووەتە ئامانج.
ڕاوێژکاری عەلی خامنەیی لە درێژەی قسەکانیدا باسی لەوە کردووە کە ئەمانە تەنیا بەشێک لە تواناکانی هێزە چەکدارەکانی ئێران بووە و هێشتا تواناکانی لقی قودسی سپای پاسداران و هەروەها تواناکانی هێزی دەریایی چالاک نەکراوە.
سەفەوی جەختیشی کردووەتەوە کە کۆماری ئیسلامی هەزاران مووشەک و دڕۆنی ئامادە کردووە و شوێنەکەیان بە تەواوەتی پارێزراوە.