کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حیزبوڵڵا گه‌ڵاڵه‌ی چه‌کدانانی ڕه‌ت کرده‌وه

19:40 - 16 پووشپەڕ 2725

سه‌رۆکی گشتیی گرووپی تێرۆریستیی حیزبوڵڵای لوبنان گه‌ڵاڵه‌ی پێشنیارکراوی ئه‌مریکا له‌مه‌ڕ چه‌کدادانی ڕه‌ت کرده‌وه‌ و وتی: "له‌و گه‌ڵاڵه‌یه‌دا باس له‌وه‌ کراوه‌ مووشه‌که‌کانمان ڕاده‌ستی ده‌وڵه‌تی لوبنان بکه‌ین، پێم سه‌یره‌ پێشنیارێکی وامان پێ ده‌ده‌ن چونکه‌ ئه‌و مووشه‌کانه‌ هێزی سه‌ره‌کیی به‌رگریی ئێمه‌ن".

ڕۆژی یه‌کشه‌ممه‌ ١٥ی پووشپه‌ڕ، قاسم نه‌عیم سه‌رۆکی گشتیی حیزبوڵڵای لوبنان له‌ یه‌که‌مین ڕێوڕه‌سمی عاشوورا له‌ دوای کوژرانی حه‌سه‌ن نه‌سرۆڵڵا و هاشم سه‌فییه‌دینی جێنشینی، وتی: "حیزبوڵڵا له‌سه‌ر به‌ڵێنی خۆی له‌هه‌مبه‌ر به‌رده‌وامیی ڕێگه‌ی "مقاومه‌ت" پێبه‌نده‌ و هیچ ڕه‌واییه‌یه‌ک به‌ داگیرکردنی به‌شێک له‌ خاکی لوبنان ناده‌ین و پێوه‌ندییه‌کانمان له‌گه‌ڵ ئیسرائیل ئاسایی ناکه‌ینه‌وه‌".

حیزبەڵڵا‌ دوای یه‌ک ڕۆژ له‌ هێرشی حه‌ماس بۆ سه‌ر ئیسرائیل له‌ ڕۆژی ٧ی ئۆکتۆبری ٢٠٢٣دا په‌یوه‌ستبوونی خۆی به‌ شه‌ڕی دژی ئیسرائیل ڕاگه‌یاند و له‌ دوای زیانی گیانیی زۆر و کوژرانی هه‌زاران که‌س له‌ هێزه‌کانی به‌تایبه‌ت به‌هۆی ته‌قینه‌وه‌ی په‌یجه‌ر و بێسیمه‌کان پێشنیاری ئاگربه‌ستی قەبووڵ کرد.

هەوڵەکانی ئەمریکا بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ لە نێوان حیزبوڵڵا و ئیسرائیل لە کاتێکدا بوو کە شەڕەکە زیاتر پەرەی سەندبوو و ئەرتەشی ئیسرائیل بۆ یەکەمجار، ناوەندی بەیرووت پێتەختی لوبنانی کردبووه‌ ئامانج و هەروەها هێرشی کردبووه‌ سەر ناوچەکانی باشووری بەیرووت و لە ئاکامدا شەش ئەندامی ئەو گرووپە کە یەکیان سەرۆکی پێوەندییە هەواڵدەرییەکانی حیزبوڵڵا بووە، کوژرابوو.

لەو ڕێککەوتنەدا، نێوبژیوانانی ئەمریکایی سەرەتا هەر دوو لایەنیان ڕازی کرد کە سەرەتای ئاگربەستەکە بە ئاگربەستێکی ٦٠ ڕۆژییەوە دەست پێ بکەن.

له‌ نێوان ئه‌و ٦٠ ڕۆژه‌دا چه‌ندین جار هه‌ر دوو لایه‌ن یه‌کتریان به‌ پێشێلکردنی ئاگربه‌ست تۆمه‌تبار کردبوو.

حیزبوڵڵا یه‌کێک له‌ گرووپه‌ تێرۆریستییه‌کانی ناوچه‌که‌یه‌ که‌ به‌ یه‌کێک له‌ ده‌ستوپێوه‌ندییه‌ سه‌ره‌کییه‌کانی ڕێژیم له‌ قه‌ڵه‌م ده‌درێ و له‌لایه‌ن ئه‌مریکا و وڵاتانی ئورووپاییه‌وه‌ وه‌کوو ڕێکخراوێکی تێرۆریستی ناسێندراوه‌.