کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

میدیای سپای پاسداران داوای دووبارەکردنەوەی لەسێدارەدانەکانی ساڵی ٦٧ دەکات

16:50 - 17 پووشپەڕ 2725

هەواڵدەریی فارس، میدیای سپای پاسداران، نووسراوەیەکی هەڕەشەئامێزی بڵاو کردەوە و ئاماژەی بە دەسبەسەرکردنی بەربڵاوی چەند ڕۆژی ڕابردووی دوای شەڕی ١٢ ڕۆژەی کۆماری ئیسلامی و ئیسرائیل کرد و داوای کرد جارێکی دیکە لەسێدارەدانی بەکۆمەڵەکانی هاوینی ٦٧ ئەنجام بدرێنەوە.

ڕووداوێک کە لەو ماوەیەدا هەزاران زیندانیی سیاسی لە زیندانەکانی ئێران بەبێ دادگاییکردنی دادپەروەرانە لە سێدارە دران و لە گۆڕە بەکۆمەڵەکاندا بە خاک سپێردران.

ئەم میدیاییە بە ئەدەبیاتێکی دژەمرۆڤانە نووسیویەتی: "لە بارودۆخی ئێستادا کاتێک هێندێک لە بەکرێگیراون بە پاڵپشتی ئیسرائیل و ڕێکخراوە سیخوڕییەکانی ڕۆژاوا دژی ئێران هەوڵ دەدەن، ئەوان شایەنی هەمان سزای ساڵی ٦٧ن.''

فارس هەروەها تاریفی ئەم لەسێدارەدانانەی کرد و بە "ئەزموونێکی سەرکەوتوو" ناوی برد و جەختی لەوە کردەوە: ئەمڕۆ ڕای گشتی لە کۆمەڵگەدا وەها هەڵسوکەتێک بە پێویست دەزانێت.

ئەم هەڵوێستە لەکاتێکدایە کە هاوکات لەگەڵ شەڕی ١٢ ڕۆژەی کۆماری ئیسلامی و ئیسرائیل، دەیان چالاکی سیاسی، مەدەنی و ڕۆژنامەنووس لە ئێران دەسبەسەر کراون و هیچ زانیارییەک لەبارەی چارەنووسی بەشێکی زۆریان لەبەر دەستدا نییە.

شەپۆلی نوێی سەرکوتکارییەکان، نیگەرانییەکانی سەبارەت بە ئەگەری پێشێلکردنی بەرچاوی مافەکانی مرۆڤ و تاوانەکانی هاوشێوەی ئەو تاوانانەی لە ساڵانی شەستەکاندا ئەنجام دراون، چەند قات کردووە.