
یێسرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل، ڕۆژی دووشەممە ١٦ی پووشپەڕ، لە کۆبوونەوەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، وردەکارییەکانی پشتپەردەی ئۆپەراسیۆنە نیزامییەکەی ئەم دواییەی دژی ئێرانی ئاشکرا کرد کە بە ''شێری ڕاساو" ناودێر کراوە.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆژنامەی ''یەدیعوت ئاحارونوت''، کاتز جەختی لەوە کردەوە کە ئەم ئۆپەراسیۆنە دەرئەنجامی ئامادەکاریی ستراتێژیی درێژخایەن بووە.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، کاتز وتوویەتی سەرەتای پلاندانان بۆ ئۆپەراسیۆنەکە دەگەڕێتەوە بۆ کۆبوونەوەی ئەمنییەتی لە مانگی نۆڤامبری ٢٠٢٣، کاتێک بڕیاری سەرەتایی بۆ ئەنجامدانی هێرشێکی سنووردار بە ناوی "ئۆپەراسیۆنی شین و سپی"، بۆ سەر دامەزراوەی ناوکیی فۆردۆ درا.
وەزیری بەرگریی ئیسرائیل ڕوونی کردەوە: لەو قۆناغەدا هێشتا ئیسرائیل توانای تەواوی بۆ ئەوە نەبووە کە بچێتە قووڵایی خاکی ئێران و هێرشی دووبارە ئەنجام بدات. ئەوەی من پێی دەڵێم ڕۆڵی جێگرەوە؛ واتە توانای هێزی ئاسمانی بۆ هەوڵی سەربەخۆ بەبێ پشتبەستن بە پشتیوانیی ئاسمانیی ئەمریکا، توانایەک کە پێشتر نەبووە.''
کاتز هەروەها ئاشکرای کردووە کە هاوتەریب لەگەڵ ئەم پلانانە، ڕێکخراوی هەواڵگریی نیزامیی ئیسرائیل لە حاڵی داڕشتنی پلانی یارمەرتیدەر بوو. پلانی یەکەم لەژێر ناوی ئۆپەراسیۆنی ''نارنیا'' هەوڵی ئەوەی دەدا زانایانی بەشدار لە بەرنامە ناوکییەکەی ئێران بکاتە ئامانج.
پلانی دووهەم لەسەر تێکدانی سیستمی فەرماندەیی و کۆنترۆڵکردنی ئێران بوو، بۆ ئەوەی توانای هاواهەنگی وڵامدانەوەی دەستبەجێی لەدەست بدات. پلانی سێیەم هێرشێکی سەرەتایی بوو کە فەرماندە سەرەکییە ئەمنییەکانی ڕێژیمی ئێرانی کردە ئامانج.
وەزیری بەرگریی ئیسرائیل لە درێژەی ڕوونکردنەوەکەیدا ڕایگەیاند، بیرۆکەی بەئامانجگرتنی فەرماندەکان بۆ زیانگەیاندن بە ورە و پێکهاتەی فەرماندەیی ئێران سەرەتا لە کۆبوونەوەیەکدا لە مانگی دێسامبر هاتە ئاراوە و دواتر بە جێبەجێکردنی ئۆپەراسیۆنی "بووکی سوور" جێبەجێ کرا. ئۆپەراسیۆنێک کە تێیدا ژمارەیەک فەرماندەی باڵای سپای پاسداران کوژران.
ناوبراو زیادی کرد: ''لە مانگی ژانویەدا، لە کۆبوونەوەیەکی سەمبۆلیکدا بە ناوی "هیلا"، ئامانجی سیاسی ئۆپەراسیۆنەکە دیاری کرا کە بریتی بوو لە ڕاگرتنی بەرنامە ناوکییەکەی ڕێژیمی ئێران بۆ ماوەیەکی کاتی و سەپاندنی هاوکێشەیەکی بەرگێڕەوەی نوێ کە بتوانێت بۆ ماوەیەک سەقامگیری درێژ بکاتەوە.''
بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆژنامەی ''یەدیعوت ئاحارونوت''، هەر لەم قۆناغەدا بوو کە ئامادەکاری بۆ ئۆپەراسیۆنێکی فراوانتر و بوێرتر کرا، کە دواتر ناوی لێنرا "پلانی تۆرنادۆ"، کە ئامانج لەو پلانە گەیاندنی گورزێکی سەرسووڕهێنەر و توند بوو لە قووڵایی تاران بوو.
کاتز لە درێژەی قسەکانیدا وتی: لە ٢٩ی مانگی مەی ئەم پلانە کۆتاییە، لەوانەش لێدانی ئامانجدار بۆ سەر دامەزراوە هەستیارەکان لە پێتەختی ئێران، پەسەند کرا لە کاتێکدا بێدەنگی میدیایی هەبوو و هەر جۆرە تێوەگلانێکی ئاشکرای ئەمریکا بە ئاشکرا ڕەت کرایەوە.
ناوبراو وتی، لە مانگی مەیدا فەرمانی ئامادەکاری لەژێر ناونیشانی ''پی + ٧'' دەر کرا، ئەمەش بە واتای ئامادەیی تەواو بۆ ئەنجامدانی هێرش لە ماوەی ٧ ڕۆژدا بوو. بە وتەی کاتز، لووتکەی گفتوگۆ ئەمنییەکان لە کۆبوونەوەی ٢٢ی مەی ئەنجام درا، کە گڵۆپی سەوزی ئەمریکا بە فاکتەری دیاریکەر دادەنرا، بەڵام وەک مەرجێکی ڕەها نەبوو.
ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا وتی: "لە سەرەتای مانگی ژوئەندا ئاستی ئامادەیی بۆ''پی + ٣'' بەرز کرایەوە، واتە سێ ڕۆژ بۆ دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنەکە. ئامادەکارییە لۆجستی و سەربازییەکان دەستی پێ کرد، کە بریتی بوو لە ناردنی هەزاران سەرباز بۆ ئەرکەکانی پەیوەندیدار بە ئۆپەراسیۆنەکە؛ ئۆپەراسیۆنێک کە ناوی "شێری ڕاساو"ی لێ نرا.
بە وتەی کاتز، بەشێک لە فەرماندەکانی ڕێژیمی ئێران ئاگاداری ئەگەری هێرشکردن بوون، بەڵام ڕێوشوێنی خۆپارێزی پێویستیان نەگرتە بەر، ئەمەش بووە هۆی کوژرانی ژمارەیەک لە فەرماندە باڵاکان.
وەزیری بەرگریی ئیسرائیل وتیشی، ئامانجەکانی ئۆپەراسیۆنەکە جێگیر نەبوون، بەڵکوو لە کاتی ئۆپەراسیۆنەکەدا بە پشتبەستن بە زانیاری مەیدانی و هەڵسەنگاندنی سات بە ساتی دەزگای هەواڵگرییەوە گۆڕانکارییان بەسەردا هاتووە.