
کۆمەڵێک لە چالاکانی مافی مرۆڤ لە بابەت وەکارکەوتنەوە و مەترسییەکانی تۆڕە تێرۆریستییەکانی ڕێژیم لە ئورووپا هۆشدارییان دا.
ئەوان دەڵێن کە دۆخی خراپی ڕێژیم لە نێوخۆ بووەتە هۆی ئەوەی ڕێژیم لە دەرەوە بەتایبەت لە ئورووپا بۆ شێواندنی وڵاتانی ئورووپایی و دروستکردنی ئاڵۆزی، دەست بکاتەوە بە چالاککردنەوەی شانە جینایەتکار و تێرۆریستییەکانی.
ئەوان هەروەها دەڵێن دۆخی خراپی مافی مرۆڤ بەتایبەت ئەو گرتن و ئێعدامانەی کۆتایی کە ڕێژیم ئەنجامیدان، هەڕەشه دەبێ بۆ سەر کۆمەڵگای ڕۆژاوایی بەتایبەت لە ڕێگای چالاکی سایبێرییەوە کاریگەریی خراپیان لەسەر نەوەی نوێی ئورووپا هەیە.
"هێلمۆت گابێل" شارەزای کاروباری ئێران لەو پەیوەندییەدا دەڵێت: چالاکبوونەوەی تۆڕە سیخوڕییەکانی ئێران، مەترسی گەورە بۆ کۆمەڵگای ڕۆژاوایی دروست کردووە. لەو پەیوەندییەدا هێلمۆت سیاسەتی حکوومەتی ئاڵمانی سەبارەت بە ڕێژیمی ئێران بە هەڵە دەزانێت و دەڵێ کە پێویستە یەکیەتیی ئورووپا دژ بە ڕێژیمی ئێران، ڕێکاری تایبەتی هەبێت و هەروەها ناوبراو، پشتیوانی لە ئۆپۆزیسیۆنی ڕێژیمی بە پێویست زانی.
ناوبراو هەروەها داوای ئەوەی کرد کە سپای پاسدارانی ئێران وەکوو ڕێکخراوێکی تێرۆریستی بناسرێت و هەروەها دژی تیمە توندڕەوەکانی ئەو ڕێژیمە لە کونسوڵخانەکان چالاکیی بکرێت.
ناوبراو هەروەها داوای لە کۆمەڵگای نێونەتەوەیی کرد کە پشتیوانی لە ئیسرائیل بۆ هێرش بۆ سەر ڕێژیمی ئێران بکەن.