
مستەفا مەولوودی: کۆماری ئیسلامی بۆ کەڵەوەکێشیی جارانی کارتێکی ئەوتۆی پێ نەماوە
ئاماژە: هێڕشی ئیسڕائیل بۆ کۆماری ئیسلامیی ئێران، شەڕی ١٢ ڕۆژە و بۆمبارانی بنکە ئەتومییەکانی ئێران لە لایەن ئەمریکا ئێرانی خستووەتە چ بارودۆخێکەوە؟ ئایا ئێران ئێستاش مەترسییە بۆ سەر ئیسڕائیل؟ شەڕی ئیسڕائیل و بەشداریی ئەمریکا لەو شەڕە تەنیا بۆ وەستاندن و سنووردارکردنی توانا نیزامییەکانی کۆماری ئیسلامی بوو، یان گۆڕینی ڕێژیمیش یەکێک لە ئامانجەکانە؟ خەڵکی ئێران لەکوێی ئەم هاوکێشەیە وەستاون؟ ئەو پرسیارانە و کۆمەڵە پرس و بابەتێکی دیکە تەوەری وتووێژێکی "کورد کاناڵ" لەگەڵ کاک مستەفا مەولوودی، جێگری سکرتێری گشتیی حیزبە کە "کوردستان" پوختەیەکی بۆ خوێنەرانی گواستۆتەوە.
کاک مستەفا بۆ چوونە نێو باسەکە با ڕوانگەی ئێوە بۆ هۆکارەکانی شەڕی ئیسرائیل و کۆماری ئیسلامی و لێکەوتەکانی و دوورەدیمەنی ئاگربەسەکەی ئێستا بزانین.
یەکەم ئەگەر بۆ هۆکارەکانی شەڕەکە بگەڕێینەوە ڕاستی لەو ڕۆژەوە کە کۆماری ئیسلامی لە ئێراندا هاتووەتە سەر حوکم، بە جۆرێک لە جۆرەکان هەڕەشەی لە ئیسرائیل کردوە. یانی ئەگەر سەیری ڕەفتاری و قسەی بکەی، سەیری سیاسەتی بکەی، سڕینەوەی ئیسڕائیل لە سەرووی ویستەکانی کۆماری ئیسلامی بووە و هەیە. کەواتە زۆر سروشتییە کە ئیسرائیلیش بە حوکمی ئەوەی ئەو توانا وردبینییانەی هەیەتی ڕووداوەکانی تەعقیب کردوە. دواجار لەو جێیەی کە گەیشتە ئەو ئاکامە کە ئیدی مەترسیی ئێران بۆ ئەمنییەتی وڵاتەکەیان و بۆ سەر کیانی سیاسی و مانەوەیان جیدییە، گورزی خۆیان لە کۆماری ئیسلامی وەشاند. بەمجۆرە تەبلیغاتی خراپی کۆماری ئیسلامی لەسەر سڕینەوەی ئیسرائیل و پێکهێنانی ئاڵقەی ئاگر بە دەوری ئەم وڵاتە لە ڕێگەی هێزە نیابەتییەکانی دواجار ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆی ئەم دوو حکوومەتەی لێ کەوتەوە.
پێوەندیدار بە لێکەوتەکانیشی دیارە کە کاریگەریی زۆری لەسەر پێگەی کۆماری ئیسلامی لە هاوکێشە ناوچەیی و جیهانییەکان و هەروەها کۆمەڵانی خەڵکی ئێران بووە و زیان و خەسارە گیانی و ماددییەکانیشی بۆ کۆماری ئیسلامی قورس و قەرەبوونەکراوەن. ئەوەش کە چەندە ئەم ئاگربەسە دەوام دێنێ و کۆتایی شەڕەکەی لێ دەکەوێتەوە، بەندە بە کۆمەڵێک فاکتەر کە کۆماری ئیسلامی دەبێ بڕیاریان لەسەر بدا.
کاک مستەفا پێتان وایە ئامانجی سەرەکیی ئەم شەڕە هەر وەستاندنی کۆماری ئیسلامی و خۆیان گوتەنی گۆڕینی ڕەفتاری ڕێژیمە، یان دەکرێ ئامانجی دیکەشی لە پشت بێت؟
ئەمن پێم وایە ئەگەر ورد بۆ بابەتەکە بچین لەوانەیە ئامانجی نەهایی بۆ نموونە ئیسرائیل لابردن و ڕووخانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بێ و لام وایە پێشی ناخۆش نەبوو کە خەڵکی ئێران ڕاپەڕن و ئەو نیزامە سیاسییە دێکتاتۆرییە بڕووخێنن. لە قسەی بەرپرسانی سیاسی و تەنانەت نیزامیی ئیسرائیلیشدا ئەوە دەرکەوت و بە ئاماژە باسی کرا. بەڵام ئەو شوێن و بنکەیانەی ئیسرائیل بە ئامانجی گرتوون لە ڕوانگەی منەوە لانیکەمەکەی هەتا ئێستا پەکخستنی توانای نیزامیی ئێران بووە، چونکی لە بنکە مووشەکییەکانی ڕێژیمی داوە، لە بنکەی ئەتۆمیی داوە و پسپۆڕە ئەتومییەکانی کوشتوە، ژێنەڕاڵ و فەرماندە باڵاکانی سپای پاسدارانی بە ئامانج گرتوە، زۆر جێ و دامەزراوەی حکوومەتی ئێران چ لە بواری سیاسی یان حکوومەتدارییەوە لێیان دراوە. جیا لەوە ئاسمانی ئێران بە جۆرێک لە جۆرەکان کەوتبووە بەر دەستی ئیسرائیل و بەو پێیە دەتوانین بڵێین لەو بڕگەیە لە شەڕەکەدا ئیسڕائیل مەبەستی ئەوە بوو توانا سەربازییەکانی ئێران ئەوەندە لاواز بکا کە نەتوانێ هەڕەشە بۆ سەر ئیسڕائیل بێت.
یانی پێتان وایە ئێستا ئیدی کۆماری ئیسلامی مەترسی نیە بۆ سەر ئیسرائیل؟
لە ڕوانگەی منەوە ئێستاش حاکمییەتی سیاسیی ئێران هەڕەشە و مەترسییە بۆ سەر ئیسرائیل. لەبەر ئەوەی لە ڕۆژی یەکەمەوە یەکێک لە سیاسەتە دیار و داڕێژراوەکانی ئێران لەسەر ئیسرائیل سڕینەوەی ئەو وڵاتە لەسەر گۆی زەوی بووە. هەروەها ئەو هێزە نیابەتیاینەی کە لە دەورووبەری ئیسرائیل دروست کراون لە ڕاستیدا بۆ زەربەلێدان لە ئیسرائیل بووە و ئەوەی کە ئێستاش هەیە لەوانەیە ئەو هێزانە زۆر لاواز بووبن و مەیدانییەن لە هەڕەشە و مەترسییەکانیان کەم بووبێتەوە، بەڵام خۆ ڕێژیمی ئێران هەتا ئێستا بەپێی ڕێککەوتنێکی دوو لایەنە، چەند لایەنە یان نێودەوڵەتی نەهاتووە بڵێ ئێمە لەگەڵ ئیسڕائیل ڕێک دەکەوین و چیتر نابینە هەڕەشە بۆ سەر ئەم وڵاتە و ئیسرائیل بەڕەسمی دەناسین. بۆیە لەنەزەر منەوە ئەگەر قەرار بێ دەوڵەتی ئیسرائیل ئێستا خاترجەمییەکی لە کۆماری ئیسلامی هەبێ و لای وابێ هەڕەشەی ڕاستەوخۆ و جیددیی ڕێژیم بۆ چەند ساڵێک لەسەری لاچووە، بەڵام بەهۆی ئەو شەڕە و ئەو زیانە قورسەی ئیسڕائیل لە پەیکەری کۆماری ئیسلامیی دا، کەلێنی نێوانیان زۆر قووڵتر بۆتەوە و ئەگەر حکوومەتی ئێران ڕۆژیک مەجالی بۆ بڕەخسێ قەتعەن لەوبارەیەوە لە ئیسرائیل خۆش نابێ. کەواتە کێشەکان نەبڕاونەتەوە.
بۆچی توانای نیزامیی کۆماری ئیسلامی سنووردار بوو؟ بۆچی نەیتوانی وڵاتانی دیکەش تێوەگلێنێ یان نەیویست هێڕش بکاتە سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و ئیسڕائیل لە ناوچە؟
دیارە ئێمە کارناس و پسپۆڕی سەربازی نین و هەڵسەنگاندنی توانای سەربازیی کۆماری ئیسلامی و ئیسڕائیل کارناسانی ئەم بوارە کردوویانە و ئەو ئاکامگیرییە کراوە کە ئیسڕائیل لەڕووی چەکی پێشکەوتوو، تێکنۆلۆژیی مۆدێرن و سیستمی هەواڵگری زۆر لە کۆماری ئیسلامی لەپێشترە. لەوە بترازێ کۆماری ئیسلامی خۆ ئەو هێز و بڕست و توانایەی نیە لەگەڵ دنیا بە شەڕ بێ، بۆیە هەموو توانا سەربازی و مووشەکییەکەی لەسەر ئیسرائیل کۆ کردبۆوە. ڕاستە ئێران وڵاتیکی گەورە و پان و بەرینە و ئیمکاناتێکی زۆریشی بە دەستەوەیە؛ ئیسرائیلیش وڵاتێکی بچووکە بەڵام لە تیکنیک و پسپۆڕی و لێزانیدا دەرکەوت کە جیاوازییەکان زۆر زۆرە. کۆماری ئیسلامی زۆر شێوا ناسەرکەوتوو دەرکەوت، بەڵام ئیسرائیل زۆر تۆکمە و سەرکەوتوو، و وەکوو دوو نیزامی سیاسی و سەربازی و ئەمنییەتی تەواو ئەو جیاوازییەیان لێ دەرکەوت.
لەو شەڕەدا ئیسرائیل هەموو بەرنامەکانی ئەوە بوو بە وردی ئەو خاڵانە بنگێوێ کە سەربازی و ئەمنییەتین و زەرەری ڕاستەوخۆ بە ئیسرائیل دەگەیەنن، بەڵام ئێران ڕەمەکی مووشەکی دەهاویشت و دەیهەویست ئەزیەتی ئیسرائیل بکا و وێرانی و کوشتاری لێ بکەوێتەوە و بو کوژرانی خەڵکی مەدەنی، ژن و منداڵ گوشارە نێوخۆییەکان لە ئیسڕائیل لەسەر نەتانیاهوو زیاد بکات. بەڵام هەر ئەم ستراتیژییە خۆی بە زیانی ئێران شکایەوە. چونکی ئەگەر پێشتر ئەمریکا و وڵاتانی ئورووپا هەتا پێش ئەم شەڕە پێی وابووبێ ئەو هەڕەشانەی ئێران ڕواڵەتی و هەڕوگیفلێدانن، بەڵام دەرکەوت کە مووشەکەکانی ئێران دەگەنە ئیسرائیل و بەپێی پێوانەکەی دەتوانن بگاتە زۆر وڵاتی ئورووپاییش. هەروەها دەرکەوت کە کۆماری ئیسلامی ڕەچاوی یاساکانی شەڕیش ناکا و هیچ دەروەستییەکی بۆ پڕەسنیپ و کۆنڤانسیۆنە جیهانییەکان نیە. ئەمەش ئەو قەناعەتە دروست دەکا کە کۆمەڵگەی جیهانی دەبێ دەوڵەتێکی وا نابەرپرسیار کۆنترۆڵ بکا و بەربەستی بۆ دابنێت
لەو شەڕەدا ڕۆڵی زلهێزە سیاسییەکانی وەک چین و ڕووسیە چۆن هەڵدەسەنگێنی؟
سروشتییە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست ناوچەیەکی هەستیارە و زۆر کێشەی قووڵی سیاسی، ئەمنییەتی، دەوڵەتی و نێودەوڵەتیی و هەروەها بەرژەوەندی زۆر وڵاتی تێدایە کە هەر وڵاتەی دەیهەوێ بەرژەوەندیی خۆی تێدا مسۆگەر بکا. وڵاتانی ئورووپایی، ئەمریکا، چین، ڕووسیە هەر کام بەپێی لێکدانەوە و بەرژەوەندیی خۆیان سیاسەتی خۆیان دەبەنە پێشێ و هەموویشان دەیانهەوێ لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست پێگە و قوورسایی و کاریگەریی خۆیانیان هەبێ. بۆ نموونە بینیمان کە ئەمریکا بڕیاری بەشداریی سنووردار لە شەڕەکەی دا و ویستی هەم پشتگیریی ئیسرائیل بکا کە کردی و هەم بە ئێران بڵێ ئەگەر تەسلیم نەبی منیش دەتوانم بێمە نێو شەڕەکە و یەکلای بکەمەوە. هەروەها ئەوەش دەرکەوت کە ئەگەر وڵاتانێکی وەک ڕووسیە و چین زارەکی و لە بواری سیاسییەوە هاتن بڕیار و کردەوەی ئیسرائیل و ئەمریکاشیان مەحکووم کرد، بەڵام بەکردەوەش هیچ شتێکیان نەکرد و بەمە بۆ ئەمریکا، ئیسرائیل و تەنانەت بۆ وڵاتانی ئورووپاییش دەرکەوت ئەگەر مەیدانییەن لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا ئەو وڵاتانە بیانەوێ شەڕ لەگەڵ ئێران بکەن چین و ڕووسیە نە توانای ئەوەیان هەیە لە بەرژەوەندیی ئێران بێنە نێو شەڕەکە و نە ئەگەر تواناشیان هەبێ نایەن و پتر پاراستنی بەرژەوەندییەکانیان ئەویش لە سەقامگیریی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا بۆ گرینگە. بۆیەشە زیاتر باس لە چارەسەری سیاسی و پێویستیی وتووێژ دەکەن. مەسەلەی بنەڕەتی ئەوەیە کە لە دوای ٧ی ئۆکتۆبری ٢٠٢٣ـوە لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا هەموو وڵاتان و هاوبەشە جیهانییەکانیان دەیانەوێ ئێران کۆنتڕۆڵ و توانا سەربازی و قەیرانخوڵقێنییەکانی سنووردار بکرێ.
ئەو شەڕە توانای سەربازیی ئێرانی سنووردار کردوە؟ یان هەمدیسان ئێران بە توانا مووشەکییەکانی کە ئێستاش هەیەتی هەمان هەڕەشەی پێشوویە؟
ئەو شەڕە کێشەی نێوان ئێران و ئیسرائیلی زۆر قووڵتر کردەوە. پێش هاتنەسەرکاری کۆماری ئیسلامی خەڵکی ئێران کێشەیەکیان لەگەڵ ئیسرائیل نەبوو کە هیچ، پێوەندییەکی سیاسیی ئەوتۆش لەنێوان ئەم دوو وڵاتە و نیزامە سیاسییەکانیان هەبوو. بەڵام ئەوە کۆماری ئیسلامی بوو کە هەر لە ڕۆژی یەکەمەوە بۆ هەدەفە سیاسییەکانی خۆی ئیسرائیلی بەئامانج گرت و سیاسەتەکەی ئەوە بوو کە ئیسرائیل دەبێ لەسەر گۆی زەوی بسڕدرێتەوە. ئەمەش لە ئیمکاناتی ئێران بۆ دروستکردنی کەرەستەی شەڕ لەو نیزامە دەستی پێ کرد و دیتمان هەم سوپا و هێزی نیابەتیی بۆ پێکهێنا و هەم بۆخۆیشی ڕاستەوخۆ هاتە نێو شەڕەکە و توانا سەربازییەکانی خۆیشی پێشان دا. ڕاستە ئیسرائیلیش لەو شەڕەدا زەبری وێ کەوتوە، بەڵام زیانەکانی کۆماری ئیسلامی زۆر زۆر زیاترن. کۆماری ئیسلامی نیزیک بە هەزار کەسی لێ کوژراوە، بەرپرسانی هەرە گەورەی پسپۆڕە ئەتومی و ئەمنییەتییەکانی لە دەست داوە. لە ئیسرائیل کوژراو و بریندارەکان بەشی هەرە زۆری خەڵکی مەدەنین. لەگەڵ ئەوەشدا لەبیرمان بێ کە ئیسرائیل وڵاتیکی چووکەیە و پێچەوانەی کۆماری ئیسلامی ئەو بایەخەی ئیسرائیل بۆ وڵاتی خۆی و بۆ خەڵکەکەی خۆی دایدەنێ یەکجار زۆرە. بۆیە زەمینەی ئەوەی دیسان جارێکی دیکە کۆماری ئیسلامی خۆی تەیار کاتەوە و بەرنامە دانیتەوە و هێرش بکاتەوە سەر ئیسرائیل ئەوە وەک ئەگەر و گریمانە هەر هەیە. هەر ئەو ئەگەرەش وا لە وڵاتان دەکا بیانەوێ وای لە مەنگەنە بنێن جارێکی دیکە نەتوانێ پەل و پۆ دەر بکاتەوە و نەک هەڕەشە و مەترسی بۆ سەر ئیسرائیل، بەڵکوو بۆ سەر وڵاتێکی دیکەش بێت. سەفبەندی وڵاتانیش بەپێی بەرژەوەندییە زەبەلاحەکان لەو سەردەمەدا دەتوانێ لە دۆستەوە هاسان ببێ بە نەیار و دوژمن. بۆیە لەڕاستیدا دەمهەوێ بڵێم بەڵێ زەمینەی دەستپێکردنەوەی شەڕەکە هەیە. بۆ ڕێگری لەوەش دەبێ هۆکارەکان نەمێنن و یەکەم ڕێگا ئەوەیە ئەم دوو وڵاتە بەیەکەوە سوڵح بکەن، و دونیا حکوومەتی ئێران پابەند بکا بە ڕێوشوێن و کۆنڤانسیۆنە حقووقی و نێونەتەوەییەکان؛ یان دەنا دەبێ ئەو نیزامە نەمێنێ. ئەگینا بە مانەوەی کۆماری ئیسلامی ئەم دۆخە لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا هەر دەمێنێ. لێرەدا مەسەلەی پەیمانی ئیبراهیم و چارەسەری پرسی فەلەستین زۆر گرینگە و کاریگەریی لەسەر دۆخەکەش هەیە. جگە لەوەش ئێستا ئیدی هەموو دنیا دەزانێ هۆکاری شەڕ و نائارامی و ناسەقامگیرییەکان لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست حکوومەتی کۆماری ئیسلامییە و نەمانی ئەو ڕێژیمە چارەسەری ڕیشەیی بنەبڕکردنی کێشە و قەیرانەکانە. خۆ ئەگەر ئەمە نەکرێ ڕێگای دووهەم ئەوەیە بەو فشارانە ئێران وەها سنووردار و بێدەسەڵات بکەن کە توانای گێرەشێوێنی و قەیرانخوڵقێنیی نەمێنێ.
کاک مستەفا ئەگەری کامیان زیاترە، ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی یان سنووردارکردنی؟
عەرزم کردی لە ڕوانگەت منەوە بژاردەی یەکەم و ڕیشەیی ئەوەیە کە نیزامی کۆماری ئیسلامی ئێران نەمێنێ. بەڵام ئەرێ وڵاتان گەیشتوونە ئەو قەناعەتەی وەکوو ئەوەی ٢٠٠٣ هێرش کرایە سەر عێراق بێن و ئەوە لەگەڵ عێراق کرا لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی بکەن. بەتایبەت کە جوگرافیا، پێکهاتەی مرۆیی و ژێئۆپۆلوتیکی ئێران لەوانەیە ئەم ئەگەرە بەو شێوەیە لاواز بکا و ئەوەی کە ئورووپا و ئەمریکا بیانەوێ هێزی پیادە لە ئێران دابەزێنن و ڕاستەوخۆ لەگەڵی بکەونە شەرەوە، ئەمە ڕوون و دیار نیە، بەڵام وەک ئەگەر زۆر زۆر کەمە. بۆیە ئەمن پێم وایە ئەم دوو رێگایە هەیە. ڕیگای یەکەم زەمینە خۆش بکرێ بۆ ئەوەی خەڵکی ئێران ڕاپەڕن و بە دەستی خۆیان نیزامی سیاسیی وڵاتەکەیان بگۆڕن و بەرپرسانی ئەمریکا لە ئاستی سەرووی وەک دۆناڵد تڕامپیشدا لەو بارەیەوە دواون. ئەمە ڕێگایەکە کە ئەگەر خەڵک ئیرادە بکات بە ڕووخانی نیزامی کۆماری ئیسلامی ئەو کێشەیە دەبڕێتەوە، جا لەوانەیە هەندێ وڵاتی وەک چین و ڕووسیە پێیان ناخۆش بێ ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بڕووخێ، بەڵام وڵاتانی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و زۆر وڵاتانی ئورووپایی بە گشتی و قەتعەن ئامریکا و ئیسرائیلیش پێان خۆشە کە کۆماری ئیسلامی نەمێنێ. بەڵام ئەگەر بە هەر دەلیلێک کۆماری ئیسلامیی لە دەسەڵاتدا بمێنێتەوە، مەعلوومە جۆرێکی مامەڵە لەگەڵ دەکەن کە بتواندرێ کۆنترۆل بکرێ و ئەم ڕێژیمە نەتوانێ ئەمنیەتی وڵاتانی دیکە بەو جۆرەی تا ئێستا کردوویەتی بخاتە مەترسییەوە.
بەڵام هەتا ئێستا پڕۆژەی تێپەڕین لە کۆماری ئیسلامی و ئەوەی پێی دەگوترێ ڕێژیم چەینج لەلایەن ئورووپاییەکانەوە باس نەکراوە، بۆ؟
یەکەم، ئەگەر سەیری سیاسەتی ئورووپا دەکەین تەنانەت لە شەڕی ئیسرائیل و غەزە و لە شەڕی ١٢ ڕۆژەی ئیسرائیل لەگەڵ کۆماری ئیسلامی هیچیان بەو جۆرە ئیسرائیلیان مەحکووم نەکرد کە بڵێ هێرشیان کردۆتە سەر وڵاتێک، بەڵکوو دیفاعی ئیسرائیلیان لە خۆی بە ڕەوا زانی؛ ئەمە زیمنی دەتوانێ لاگیرییەک لە ئیسڕائیل و ئامانجەکانی بێت.
دووهەم، لە سیاسەتیشدا کە سەیری دەکەین ئەوان بە کۆماری ئیسلامی دەڵێن تۆ نابێ چەکی ئەتۆمیت هەبێ، ڕاست ئەوەی ئیسرائیل یان ئامریکا دەیڵێن. ئیسرائیلیش داوای لەو وڵاتانە نەکردوە و ئامریکاش داوای نەکردوە هەتا هاوپەیمانە ئورووپاییەکانیان پەیوەست بە شەڕەکە بن تا ئەوان بڵێن دەبێ یان نابێ. بەڵام لە خستنەخوارەوەی درۆن و مووشەکەکانی کۆماری ئیسلامیدا زۆر باسی ئەوە دەکرێ کە وڵاتانی ئورووپایی کاریگەرییان هەبووە و یارمەتیی ئیسڕائیلیان داوە و ئەمە لە زمانی دیپلۆمات و بەرپرسانی سیاسیی گوتراوە.
یەکیک لە کارتەکانی کۆماری ئیسلامی لە دانیشتنەکان کارتی ناوکی بوو کە ئێستا لە دەست ڕێژیمدا نەماوە. ئەگەر بێتوو دانیشتنەکان لە دوای ئەم شەڕە دەست پێ بکەنەوە، دۆخی دانوستانەکان بەکوێ دەگەن؟
لە ڕاستیدا ئێران هەر پێشتریش کارتی گەمەی زۆر کەم بوو و ئەو شەڕە وای لێ کرد ئەو کارتانەشی زۆر زۆر کەمتر بێتەوە. ڕوونە کە ئەمریکا و ئورووپا دەڵێن ئێران چەکی ناوکیی نەبێت و وڵاتێکی بەپرس بێت لە ناوچەکە، یانی لە ئاکامدا ئێران ئەگەر دەیهەوێ درێژە بە حەیاتی سیاسیی خۆی بدا، دەبێ ئەوانە قەبووڵ بکات و تەسلیم بێت. بە نەزەری من یەکیەتیی ئورووپا، ئامریکا و ئیسرائیلیش بە ناڕاستەوخۆ هەموویان کار بۆ ئەوە دەکەن کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕێژیمێکی سیاسیی پەڕوباڵکراو بێت و توانای زیانگەیاندنی بە دەوروبەر نەمابێت. ئەوە تەنانەت دەتوانێ ویست و داخوازیی ئەو وڵاتانەش بێ کە بەڕواڵەت لاگیری لە کۆماری ئیسلامی دەکەن. چونکی چین و ڕووسیەش بەرژەوەندییەکانیان لە ئێرانێکی بێکێشە و ڕۆژهەڵاتێکی نێوەڕاستی بێقەیران و سەقامگیردا پارێزراوترە. بۆیە لە ڕوانگەی منەوە کۆماری ئیسلامی کارتی نێوخۆیی و دەرەکیی وای بۆ یاریکردن پێ نیە جگە لە هاتوهاواری مێدیایی. هەموو بینیمان کە تڕامپ بە گاڵتەجاڕ ڕووی کردە خامنەیی و گوتی ئەم هەمووە درۆیە چیە دەیکەن، بۆ ناڵێی شکەستت خواردوە و شکەستێکی گەورەشت خواردوە. بەوپێیە کۆماری ئیسلامی ئەگەر بگەڕێتەوە سەر مێزی دانوستان تەنیا پێی دەکرێ ئیمتیاز بدا، چونکی نە وڵاتی پشتیوان و هاوپەیمانی هەیە، نە میلیشیا و هێزی نیابەتیی ناوچەیی بەهێزی ماوە و نە لە شەڕی ١٢ ڕۆژەشدا سەرکەوتوو بووە. لە نێوخۆی وڵاتیشدا قەیران بە قەیران دەڵێ جێم کە و بەو هەمووە قەیرانە کەڵەکەبووە و بەو دابڕانە قووڵەی نێوان خەڵک و دەسەڵات و تەنانەت قووڵبوونەوەی ناکۆکیی نێوان خودی حاکمییەتیش، هەموو ئەوانە دەستی کۆماری ئیسلامیی لەسەر مێزی دانوستان بەستوە و توانایەکی ئەوتۆی پێ نەهێشتوە.
کاک مستەفا بۆچی لەو ماوەیەدا خەڵکی ئێران نەهاتە سەر شەقام و ڕانەپەڕی؟
ڕاپەڕینی خەڵک و وڵات کۆمەڵێک فاکتەر و بەستێنی دەوێ و ئەوانە هەموویان پێکەوە کۆ نەبوونەوە. بەتایبەت ئەمن پێموایە تەنانەت ڕێبەرانی سیاسیی کۆماری ئیسلامییش پێیان وا نەبوو هێرشیان دەکرێتە سەر، چونکی خەریکی وتووێژ بوون و ئەو شەوەی ئیسڕائیل هێرشی کردە سەر ئێران قەرار بوو دوو ڕۆژ دواتر ئیران و ئەمریکا دانیشتنیان هەبێ. بۆیە یەکەم هێڕشەکە لەو دۆخەدا کەمێک چاوەڕواننەکراو بوو، پاشان کۆمەڵێک فاکتەری دیکە وەک دۆخی شەڕ و هەروەها ورووژاندن و گەورەکردنی هەستی ئێرانیگەری لەو قۆناغەدا ڕێگریی لە ڕاپەڕینی خەڵک گرت.
زۆر سپاس کاک مستەفا بۆ بەشداریتان لەو وتووێژەدا
سپاس بۆ ئێوە و بۆ هاوکارانتان لە ڕاگەیاندنی حیزب