
لە سیخوڕاوا وڵات لە دەستێکی ئەمیندایە
دارسمە
فێعلەن لە جیاتی «خاهەران و برادەران»، بڵێین «خانمان و ئاغایانی محترم» و لێگەڕێن با پیاوان بە کراسی قۆڵکورت و ژنانیش بێ لەچک و سەرپۆش بن. مخابن ئەمساڵ، ساڵەکەی بەڕاستی گەرمەساڵە. دوای ئەم پێشەکییە مانادارە، با بێینە سەر باسی سەرەکیی ئەمڕۆمان.
لەم چەند ڕۆژەی ڕابردوودا، گوێتان لە هەندێک ژاوەژاوی میدیای دوژمنە و وەک دەبیستین، باس لە "شەڕ" و "هێرش" دەکەن. پێویستە بۆتان ڕوون بکەینەوە؛ ئەوەی ڕووی دا شەڕ نەبوو، بەڵکوو نمایشێکی منداڵانەی دوژمنی زایۆنی بوو. ویستیان بە تەقاندنی چەند فیشەکێکی هەوایی بێبایەخ، ورەی پۆڵایینی ئێمە بشکێنن، بەڵام وەک هەمیشە، لە بەرانبەر ئیمان و ئیرادەی ئێمەدا شکستیان هێنا و سەریان دای لە بەرد و هەموولایەک دیتتان چۆن حەیفا و مەیفامان بەسەریاندا تەپک کرد و ئێستایش دەگەڵدابێت سەرۆک و مەرۆکیان لەبن داروپەردووی خانووی داڕماودا بێسەروشوێنن.
هەندێک دەڵێن گوایە ئێمە تووشی شکستێکی گەورە بووین و فەرماندە ئازیزەکانی وەک حوسێن سەلامی و محەممەد باقریمان لەدەست داوە. نەخێر، ئەمە لەدەستدان نییە، ئەمە "بەرزبوونەوە"یە. ئەوان نەمردوون، بەڵکوو بوون بە "شەهیدی زیندوو" و ئێستا لە شوێنێکی باڵاترەوە سەیری سەرکەوتنمان دەکەن. ئەمە پلانی خودایی بوو بۆ ئەوەی خوێنی ئەوان ببێتە وزەیەکی نوێ بۆ بەردەوامیی ئێمە. بەڵام ئەوەی زۆرتر جێی پێکەنینە، ئەو تۆمەتە بێبنەمایانەیە گوایە ئێمە لە ماوەی چل ساڵی ڕابردوودا بێڕێزیمان بەرانبەر هونەرمەندان و نووسەران کردوە و خوای نەخواستە بە تۆمەتی سیخوڕیکردن بۆ ڕژێمی زایۆنی و شەیتیانی گەورە، گرتوومانن یان عەیب نەبێت لە سێدارە و شتی وامان داون. چۆن شتی وا دەبێت؟ ئێمە گەلێکین خاوەنی حافز و سەعدی، چۆن دژایەتیی شاعیر دەکەین؟ پێتان دەڵێین: هەرگیز ڕووی نەداوە ئێمە وەرزشوان، سیاسەتمەدار، نووسەر یان شاعیرێکمان بە تۆمەتی "سیخوڕی" بۆ بێگانە دەستگیر کردبێت. ئێمە ڕێز لە قەڵەم دەگرین، نەک قەڵەم بشکێنین. هەرگیز ڕووی نەداوە دەرهێنەرێکی سینەمامان بە بیانووی "پەیوەندی لەگەڵ دوژمن" خستبێتە بەندیخانەوە. ئێمە داهێنان هان دەدەین، نەک بیخنکێنین. ئەم قسانە درۆ و پڕوپاگەندەی ئەمپریالیزمی جیهانییە و بۆ ناشیرینکردنی سیمای درەوشاوەی کۆماری ئیسلامی بەرەڵای دەکەن.
ڕاستە، دەبێت دان بەوەدا بنێین لەم دواییانەدا کێشەیەکی بچووکمان هەبوو. دوژمن توانیبووی چەند کەسێکی "دڵنەخۆش" و "ئیمانلاواز" لەنێو خودی نیزامدا بە پارە بکڕێت. بەڵێ، دەرکەوت سیخوڕان لەنێو ژوورە داخراوەکانی خۆماندا بوون، نەک لەنێو کافێ و کۆڕی شیعرخوێندنەوەدا. دیارە ئەمەش ئەوا دەقۆزینەوە و دەڵێین ئەمە شکست نیە، بەڵکوو سەرکەوتنێکی گەورەی ئیتڵاعاتە! ئێمە خۆمان ڕێگەمان دا تا خۆیان ئاشکرا بکەن و وەک مشک لە کونەکانیان بێنە دەرەوە و نزیکەی ٧٠٠ کەسمان لێ دەستگیر کردن. دەستگیرکردنی ئەم ٧٠٠ کەسە، پاکتاوکردنێکی پێویست بوو؛ وەک ئەوەی باخەوانێک گژوگیای زیانبەخش لە باخەکەیدا هەڵبکێشێت تا گوڵەکانی جوانتر بگەشێنەوە. لەگەڵ ئەوەیدا دەترسین ئەم بژار و گژوگیایەش هەڵەسوون بێنێتەوە، بە ورە و ئیمانێکی قایمترەوە درێژە بە هەموو شتێک دەدەین.
دەپرسن: "کەواتە بۆچی سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی "قەڵغانی ئاسنین"ی ئێمە کارا نەبوو؟" وەڵامەکەی سادەیە. ئەویش ئەمەیە: سیستەمەکەمان ئەوەندە زیرەک و پێشکەوتوە، زانیی ئەو مووشەکانەی دێن، نرخیان ئەوەندە نیە ئەم سیستەمە بەرگرییەیان پێوە ماندوو بکەین. بۆیە بڕیاری دا وزەی خۆی بۆ ڕۆژی مەبادا هەڵبگرێت و پشت بە ئوممەتی هەمیشە دەر سەحنە، وەک خەنجەری ڕۆژی تەنگانە لە ڕۆژی خۆیدا هەڵیدەکێشین. جگە لەمەش، ئەو چەند خیانەتکارە، کۆدی سیستەمەکەیان بە شێوەیەکی کاتی لەکار خستبوو. کەواتە کێشەکە لە پیاوانمان بوو، نەک لە ئامێرەکە. ئامێرەکەمان هێشتا بێوێنەیە. خۆ پێشترێ بە چاوی خۆتان دیتبووتان چۆن سەردارانی شەهیدمان بێ سێودوو لێکردن، دوای تەقەکردنی سەرکەوتوومان لە بنکەکانی ئەمریکا، فڕۆکەی ئۆکرانیاییان لە ئاسمانی پارێزراوی تاران ئەنگاوت. ئەوکات، سەردارانی شەهیدمان گومانی ئەوەیان هەبوو ئەوانەی لەنێو فڕۆکەکەدا بەرەو کەنەدا دەفڕن، بە دوور نییە لە داهاتوودا وەک خۆیان ببنە سیخوڕی ئیسرائیل و ئەمریکا.
ئێستا دوژمن شانازی بەوەوە دەکات گوایە بنکەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی لە نزیک تاران دامەزراندوە. ئەمە قسەی خۆشە! ئەوە تەڵەی ئێمە بوو. ئێمە خۆمان ئەو زەوییەمان بۆ دیاری کردبوون تا هەموو هێلکەکانیان لە یەک سەبەتەدا دابنێن و پاشان بە یەکجار هەموویان بشکێنین! ئێوە هێشتا لە ستراتیژیی قووڵی ئێمە تێناگەن. سەبارەت بە ئاگربەستەکەش، با وا بیر نەکەنەوە ئێمە ماندوو بووین. نەخێر، ئێمە لەوپەڕی هێزدا بووین؛ دەمانتوانی تەلئەبیب بکەین بە تۆز، بەڵام ڕێبەری مەزنمان، لەوپەڕی بەزەیی و حیکمەتدا، فەرمووی: "با هەناسەیەک بدەن، لەوانەیە بگەڕێنەوە سەر ڕێی ڕاست و جڵەو بۆ پەرەسەندنەوەی بەرەی مقاومە شل بکەن." ئێمە ئاگربەستمان نەکرد، بەڵکوو "مۆڵەت"مان پێ دان تا بیر لە هەڵەکانیان بکەنەوە.
لە کۆتاییدا پێتان دەڵێین بڕۆنەوە ماڵەکانتان و بە ئاسوودەیی بخەون. شاعیرەکانتان شێعر بنووسن و هونەرمەندانتان تابلۆ بکێشن و فیلم دەربێنن. بەڵێنیتان پێ دەدەین ئەگەر ئێوە و تەنانەت خۆشمان سیخوڕ نەبین، بێ ئەملاوئەولا وڵات لە دەستێکی ئەمیندایە.