
لە دوای دەرگیرییە سەربازییەکانی نێوان ئێران و ئیسرائیل کە ١٢ ڕۆژیان خایاند، سەرچاوە ڕۆژاواییەکان باس لە خەساری گەورە بۆ سەر دامەزراوە مووشەکییەکانی کۆماری ئیسلامی و دابەزینی بەرچاوی هەوڵی هێرشبەرانەی ڕێژیم دەکەن.
بەپێی ڕاپۆرتی نوێی کاناڵی هەواڵی "فاکس نیووز"، کۆماری ئیسلامی کە پێش دەسپێکی شەڕەکە ٣ هەزار مووشەک و ٥٠٠ هەتا ٦٠٠ هاوێژەری هەبوو، ئێستا و لە دوای هێرشە ئامانجدارەکانی ئیسرائیل، تەنیا ١٠٠٠ هەتا ١٥٠٠ مووشەک و ١٥٠ هەتا ٢٠٠ هاوێژەری بۆ ماوەتەوە.
ئەم گۆڕانکارییانە لە کاتێکدان کە ئیسرائیل لە درێژەی شەڕەکەدا، بە ئاشکرا بەسەر ئاسمانی ئێراندا زاڵ ببوو و چەندین جار بە بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆگەلێک لە بەئامانجگرتنی سیستمەکانی پەدافەند و هاوێژەرەکانی مووشەک، لاوازیی بەرچاوی بەرگریی ئێرانی نیشان دا.
دابەزینی بەرچاوی زەڕادخانە مووشەکییەکەی کۆماری ئیسلامی پاش ١٢ ڕۆژ شەڕ، کۆتایی قۆناغی پڕوپاگەندە و چەواشەکارانەی ڕێژیمە و لەنێوچوونی نیوەی مووشەکەکەنی نیشان دەدات کە ڕێژیمێک کە میلیاردها دۆلاری بۆ پێکەوەنانی ئەم تواناییە خەرج کردبوو، ئێستا لە کردەوەدا لە بەرانبەر ئەم هێرشانەدا بێدەسەڵاتە.