
لە نوێترین ڕاپۆرتی فەرمیی ناوەندی ئاماری ئێراندا، نێونجی تەمەنی هاوسەرگیری لە ئێران دیسان بەرز بووەتەوە کە ئەمە نیشاندەری تێکچوونی بنەما ئابووری، دەروونی و فەرهەنگییەکانی جیلی لاو لە وڵاتی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیدایە.
بەپێی ئاخرین داتا بڵاوکراوەکان لەلایەن ناوەندی ئاماری ئێرانەوە، نێونجی تەمەنی هاوسەرگیریی یەکەم لە زستانی ١٤٠٣دا بۆ پیاوان ٢٨.٥ و بۆ ژنان ٢٤.٣ ساڵ بووە.
ئەم ژمارانە لە کاتێکدا تۆمار کراون کە نێونجی تەمەنی هاوسەرگیریی هەر دوو گرووپەکە بە بەراورد لەگەڵ وەرزی پاییز بە ٠.٣ ساڵ بۆ پیاوان و ٠.٧ ساڵ بۆ ژنان، بەرزبوونەوەیان بە خۆۆوە بینیوە.
لە شارەکاندا تەمەنی هاوسەرگیری بۆ پیاوان لە ٢٨.٥ بۆ ٢٨.٧ ساڵ و لە گوندەکان لە ٢٦.٤ بۆ ٢٦.٧ بەرز بووەتەوە.
بۆ ژنانیش تەمەنی هاوسەرگیریی یەکەم لە شارەکان لە ٢٤ بۆ ٢٤.٦ و لە گوندەکاندا بە شێوەیەکی پیشبێنی نەکراو لە ٢٤.٣ بۆ ٢١.٨ دابەزیوە.
لەلایەکی دیکەوە، نێونجی تەمەنی هاوسەرگیری (نەک هاوسەرگیریی یەکەم) لە کۆتایی زستاندا بۆ پیاوان ٣١.٦ ساڵ و بۆ ژنان ٢٦.٧ ساڵ تۆمار کراوە کە بە بەراورد لەگەڵ پاییز هەرکامیان ٠.٣ ساڵ بەرزبوونەوەیان هەبووە.
هەروەها نێونجی جیاوازیی تەمەنی هاوسەرەکان لە کاتی هاوسەرگیریدا لە شارەکان گەیشتووەتە ٥.٤ ساڵ و لە گوندەکانیش ٦.٢ و بەگشتی لە ئێراندا گەیشتووەتە ٥.٥ ساڵ.
بەرزبوونەوەی تەمەنی هاوسەرگیری لە ئێران، ئاکامی ڕاستەوخۆی سیاسەتی سەرکەت، ناکارامەیی و قەیراناوی بوونی دۆخی کۆماری ئیسلامی لە بیاڤەکانی ئابووری، کۆمەڵایەتی و فەرهەنگییە و خەڵکی ئێران ئەمڕۆ لەگەڵ قەیرانگەلێکی وەک: گرانیی هەوسارپچڕاوی خانوو، بێکاریی ڕەها و داهاتی ژێر هێڵی هەژاری، نائەمنیی دەروونی و خەمۆکیی کۆمەڵایەتی، سەرکوتی ئازادییە تاکەکەسی و کۆمەڵایەتییەکان و گەندەڵی لە ساختاری ڕێژیمدا بەرەوڕوون.