
"سەرەڕای لاوازبوون، کۆماری ئیسلامی هێشتا هەڕەشەیەکی مەترسیدارە"، ئەمە قسەی کارناسان بۆ ڕۆژنامەی تایمزی ئیسرائیلە.
ئەم ڕۆژنامە لە ڕاپۆرتێکدا لە زاری کارناسانەوە باسی لە بەردەوامیی هەڕەشەکانی کۆماری ئیسلامی کردووە و ڕایگەیاندووە کە تاران سەرەڕای لاوازبوون، خەساری قورس بۆ سەر ژێرخانە ناوکییەکانی و لاوازبوونی میلیشیاکانی لە ناوچەکەدا، هێشتا هەر مەترسییە و دیپلۆماسی بە تەنیایی ناتوانێت کۆنتڕۆڵی بکات.
تایمز لە زاری کارناسێکی باڵای ئیسرائیلەوە نوسیویەتی: "کێشەکە لە کولتووری ئەم ڕێژیمەوەیە و ئەگەر تەنیا لە ڕێگەی دیپلۆماسییەوە بچیتە پێش و هێز بەکار نەهێنی، ئەوان بە لاواز دەتبینن".
بە وتەی ئەم کارناسە، ئەگەرچی هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا دامەزراوە گرینگەکانی فۆردۆ، نەتەنز و ئێسفەهانی کردە ئامانج و بووە هۆکاری دواکەوتنی وەبەرهێنانی ئورانیۆمی پیتێندراو، بەڵام ئەمە بە مانای لەنێوچوونی هەڕەشەکان نییە و ئەوان دەتوانن بگەڕێنەوە.
ئەم کارناسە بە ئاماژەدان بە بەکارهێنانی هێز زیادیشی کردووە کە هێرشەکانی ئیسرائیل جیا لە هەڕەشە مووشەکی و ناوکییەکانی ئێران، بەرپرسان و فەرماندە باڵاکانی کۆماری ئیسلامیشی کردووەتە ئامانج و پشتڕاستی کردووەتەوە کە ئەگەری هەبوو ئەگەر چەند ڕۆژێکی دیکە هێرشەکان بەردەوام ببوایە، کۆماری ئیسلامی بە تەواوی بڕووخابایە.
تایمز هەروەها لە زاری کارناسێکی دیکەوە هێناویەتی کە هێرشەکانی ئەمریکا بەتایبەت سانتریفیووژە پێشکەوتووەکانی کۆماری ئیسلامیی کردووەتە ئامانج کە دەیانتوانی بە خێراییەکی بەرچاو پیتاندنی ئورانیۆم ئەنجام بدەن.
ئەم کارناسە هاوکات باسی لە پاشەکەوتە ٤٠٠ کیلۆییەکەی تارنی کردووە و ڕایگەیاندووە کە لە ئێستادا ڕوون نییە ئەم پاشەکەوتە چەندەی بە دەستی ئێرانەوە ماوە یان هەمووی لە هێرشەکەدا لەنێو چووە.
تایمز لە بەشێکی دیکەدا و بە ئاماژەدان بە میلیشیاکانی ڕێژیم نووسیویەتی: "ئەم شەڕە دەریخست کە کۆماری ئیسلامی هیچ هاوپەیمانێکی ڕاستەقینەی نییە و بەرەی مقاومەت لەپینج ساڵی داهاتوودا تەواو لاواز دەبێت، تەنانەت لەوانەیە هەر نەمێنێتەوە".
تایمز لە کۆتاییشدا و لە زاری ئەم کارناسانەوە پشتڕاستی کردووەتەوە کە بە تەنیا شەڕ چارەسەر نییە و ئەمریکا دەبێت پشتیوانی لە خەڵکی ئێران بۆ گۆڕینی ڕێژیم بکات و جەختیشی کردووەتەوە کە ئەم گۆڕینە تەنیا کاتێک دێتە ئاراوە کە خەڵکی ئێران دڵنیا بن کە جیهان پشتیوانییان لێ دەکات.