
هاوکات لەگەڵ پێداگریی ڕێژیمی ئێران لەسەر درێژەدان بە بەرنامەی ناوکیی خۆی، بریتانیا هۆشداری داوە کە لە ئەگەری درێژەکێشانی ئەم ڕەوتەدا، کاراکردنەوەی مێکانیزمی ماشە بە شێوەیەکی جیددی ئەچێتە دەستووری کارەوە.
دەیوید لێمی، وەزیری دەرەوەی بریتانیا لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ نوێنەرانی پارلەمان وتی: ئەگەر ڕێژیمی ئێران پاشەکشێ نەکات، ئێمە ئامادەین لەگەڵ فەرانسە و ئاڵمان، مێکانیزمی ماشە چالاک بکەینەوە.
ناوبراو جەختی کردەوە کە لە ئەگەری هەوڵێکی وەهادا، کۆماری ئیسلامی لەگەڵ شەپۆلێک لە گەمارۆکان و سازوکاری ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بەرەوڕوو دەبێتەوە کە تا ڕادەیەکی زۆر هەموو بیاڤە ئابوورییەکانی ئێران ئەکاتە ئامانج.
وەزیری دەرەوەی بریتانیا هۆشداریی بە ڕێژیمی ئێران دا کە ئەگەر پاشەکشێ نەکەن، لەگەڵ گەڕانەوە گەمارۆ نێودەوڵەتییەکان، تووشی کێشەی گەورەتر دەبن.
ئەم هۆشدارییە لەکاتێکدا دراوە کە ڕاپۆرتەکانی ئەم دواییانەی ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکی نیشانیان دا ئێران ئاستی پاشەکەوتی ئۆرانیۆمی پیتێندراوی خۆی گەیاندووەتە ئاستێک کە تەنیا هەنگاوێکی بۆ بەرهەمهێنانی مەتریالی پێویست بۆ چەکی ناوکی ماوە.
هاوکات بەرپرسانی یەکیەتیی ئورووپاش بە شێوەیەکی بێوێنە باسیان لە ئامادەیی کەشی نێودەوڵەتی بۆ دووبارە وەگەڕخستنەوەی گەمارۆکان دژی ڕێژیمی ئێران کرد.
مێکانیزمی ماشە کە لە بڕیارنامەی ٢٢٣١ی شۆرای ئەمنییەتدا پێناسە کراوە، ئەم دەرفەتە بە لایەنەکانی ڕێککەوتننامەی بەرجام دەدات کە لە ئەگەری پێشێلکردنی بەڵێنەکان لەلایەن ئێرانەوە، بە بێ دەنگدانی نوێ، هەموو گەمارۆ هەڵپەسێردراوەکان لە ماوەی ٣٠ ڕۆژدا بگەڕێننەوە جێگای خۆیان و کاراکردنەوەی ئەم سازوکارە لە ڕاستیدا بە مانای کۆتاییهاتنی بەرجام و بڕینی ڕێگای دیپلۆماسی دەبێ.
لە ئەگەری گەڕانەوەی گەمارۆکانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکاندا، نە تەنیا هەناردەکردنی نەوتی ئێران تووشی کیشە دەبێ، بەڵکوو بانکەکان، کۆمپانیاکان و وڵاتانێکیش کە هاوکاریی ئابوورییان لەگەڵ ئێران هەبووە، دەکەونە ژێر گوشارەوە.