کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کرانەئامانجی ئەندامێکی باڵای حەماس لە باکووری لوبنان

16:07 - 18 پووشپەڕ 2725

ئەرتەشی ئیسرائیل ڕۆژی سێشەممە ١٧ی پووشپەڕ لە ڕاگەیەندراوێکدا کوژرانی ئەندامێکی باڵای حەماس لە شاری ترابلۆسی لوبنانی ڕاگەیاند.
لە ڕاگەیندراوەکەی ئەرتەشی ئیسرائیلدا هاتووە کە ئەم هێرشە لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆن بە دژی هەڕەشەکان ئەنجام بووە و زانیارییەکی زیاتر سەبارەت بەو کەسە کە کراوەتە ئامانج نەخراوەتە ڕوو.
ئەرتەش پێشتر ڕایگەیاندبوو کە ئەندامێکی حەماس بە ناوی "مێهران بەعجوور"، لە فەرماندە باڵاکانی حەماس و دامەزرێنەری هێزی سەربازیی ئەم گرووپە لە هێرشێک بۆ سەر ترابلۆس لە باکووری لوبنان کوژراوە.
ئەمە یەکەمین هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر باکووری لوبنان پاش ئاگربەستی نێوان حیزبوڵڵا و ئیسرائیل لە ساڵی ڕابردوودایە.
هاوکات وەزارەتی تەندروستیی لوبنان لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند کە هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ماشینێک لە ناوچەی "ئەلعیرونییە"ی ترابلۆس، لانیەکەم دوو کەس کوژراون و سێ کەسی دیکەش بریندار بوونە.
پاش کۆتاییهاتنی شەڕی ١٢ ڕۆژەی ئێران، ئەرتەشی ئیسرائیل بۆ جارێکی دیکە هێرشەکانی بۆ سەر میلیشیاکانی کۆماری ئیسلامی لە لوبنان، یەمەن و هەروەها غەززە چڕتر کردووەتەوە.
ئیسرائیل ڕۆژی دووشەممە ١٦ی پووشپەڕ کوژرانی دوو ئەندامی حیزبوڵڵای لە باشووری لوبنان پشتراست کردبووەوە.