کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

عەبدوڵڵا ئۆجالان بە فەرمی کۆتاییهاتنی خەباتی چەکداریی پەکەکەی دژی تورکیە ڕاگەیاند

16:28 - 18 پووشپەڕ 2725

عەبدوڵڵا ئۆجالان، ڕێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)، ڕۆژی چوارشەممە ١٨ی پووشپەڕ، لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا بە فەرمی کۆتاییهاتنی شەڕی چەکداریی ئەو حیزبەی لە دژی تورکیە ڕاگەیاند و خوازیاری تێپەڕین بۆ سیاسەتی دێموکراتیک بوو.

لەو گرتە ڤیدیۆییەدا کە لە مانگی ژوئەن تۆمار کراوە و  هەواڵدەریی فورات سەر بە پەکەکە بڵاوی کردووەتەوە، ئۆجالان داوای لە پارلەمانی تورکیە کردووە کۆمیسیۆنێک بۆ سەرپەرشتیکردنی چەکداماڵین و بەڕێوەبردنی پرۆسەی ئاشتی پێک بهێنێت.

ناوبراو وتی: ''قۆناغی خەباتی چەکداری کۆتایی هاتووە. ئەمە شکست نییە، بەڵکوو دەستکەوتێکی مێژووییە".

ئۆجالان دەڵێت: '' قۆناغی خەباتی چەکداری ئێستا دەبێت خۆبەخشانە بۆ قۆناغێکی سیاسەت و یاسای دێموکراتیک بگۆڕدرێت.

هاوکات ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیە ئەمڕۆ چوارشەممە ڕایگەیاند، تورکیە ڕێگە بە هیچ هەوڵێک نادات پڕۆسەی چەکداماڵینی پارتی کرێکارانی کوردستان تێک بچێت. هیواشی دەربڕی کە پرۆسەکە بە زووترین کات تەواو بێت.

ڕێکەوتی ٢٢ی بانەمەڕی ١٤٠٤ی هەتاوی، پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە ڕاگەیەنراوێکدا ئەنجامی ١٢ـەمین کۆنگرەی خۆی ڕاگەیاند کە پەکەکە بە شێوەیەکی فەرمی خۆی هەڵدەوەشێنێتەوە و چەک دادەنێت و کۆتایی بە شەڕی چەکداریی لەگەڵ تورکیە دێنێت.