
ئەمڕۆ چوارشەممە بێنیامین نێتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، دوای دیدار لەگەڵ دۆناڵد ترامپ، سەرۆککۆماری ئەمریکا لە کۆشکی سپی، ڕایگەیاند، گرینگیی سەرەکی وتووێژەکانی لەگەڵ ترامپ هەوڵدان بۆ ئازادکردنی بارمتە ئیسرائیلییەکان لە کەرتی غەززە بووە.
هەروەها جەختی لە ئیرادەی تێلاڤیڤ بۆ لەنێوبردنی توانای نیزامی و ئیداریی حەماس بە تەواوی کردەوە.
بە وتەی نێتانیاهوو، هەر دوو لایەن تاوتوێی دەرئەنجامەکانی ئەو شتەیان کردووە کە بە "سەرکەوتنی گەورە بەسەر ئێران" ناوی بردووە.
لەلایەکی دیکەوە ڕۆژنامەی ''یەیعوت ئاحرونوت'' ئیسرائیلی بڵاوی کردووەتەوە، دۆناڵد ترامپ بۆ ڕاگرتنی هێرشەکانی سەر کەرتی غەززە، گوشاری خستووەتە سەر نێتانیاهوو.