کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرزبوونەوەی نرخی نان هاوکات لەگەڵ دۆخی سەختی ئابووریی خەڵک

10:52 - 19 پووشپەڕ 2725

لە کاتێکدا کە میلیۆنان بنەماڵەی ئێرانی بۆ دابینکردنی سەرەتاییترین پێداویستییەکانی بژیوی ژیانیان کەوتوونەتە ژێر گوشاری توندی ئابوورییەوە، هەواڵەکان باس لە گرانبونی نرخی نان دەکەن.

بەپێی ڕاپۆرتی میدیا نێوخۆییەکان، لە دانیشتنی ئەم دواییانەی ژووری ئەسنافی ئێراندا کە بۆ لێکدانەوەی نرخی نان بەڕێوە چووە، بەرپرسان باسیان لە پێویستیی نرخی نان کردووە.

محەممەدجەواد کەرەمی، بەرپرسی کارگرووپی ئارد و نان ڕاشکاوانە ڕایگەیاندووە کە نرخی پەسەندکراوی دەوڵەتیی نان بوونی نییە و نانەواییەکان بە نرخی دڵخوازی خۆیان نان بە خەڵک دەفرۆشن.

ناوبراو جەختی کردووەتەوە کە ڕێگەچارە، نە کۆنتڕۆڵ و چاوەدێری بەڵکوو ڕاگەیاندنی فەرمیی نرخی زۆرتر بۆ نانە.

قاسم نەودە فەراهانی، بەرپرسی ژووری ئەسنافیش بە جەختکردنەوە لەسەر بەربڵاوبوونی سەرپێچییەکانی نانەواییەکان، وتوویەتی کە ٢٠ لەسەدی نانەواکان لە فرۆشتنی ناندا سەرپێچی دەکەن.

ئەم بەرزبوونەوەی نرخی نانە لەکاتێکدایە کە نان سەرەکیترین و جار وایە تەنیا خۆراکی ڕۆژانەی سەر سفرەی چینە کەمداهاتەکانە و بەرزبوونەوەی نرخەکەی، بە شێوەی ڕاستەوخۆ کاریگەریی لەسەر بژیوی میلیۆنها بنەماڵە دەبێت.

لەکاتێکدا کە هێشتا ژمارەیەکی دیاریکراو بۆ بەرزبوونەوەی نرخی نان ڕانەگەیەندراوە، زانیارییەکان باس لەوە دەکەن کە پلانی سیاسیی ڕێژیم ئامادەکردنی ڕای گشتی بۆ قەبووڵکردنی شەپۆلێکی نوێ لە گرانییەکانە.