
"عەبدوڵڵا شەهبازی" بەڕێوەبەرێکی پێشووی وەزارەتی ئیتلاعاتی ئێران وتوویەتی کە ئاڵۆزی و تێکچوونی ئەمنییەتی ئێران دوای هێرشی ١٢ ڕۆژەی ئیسرائیل بووەتە هۆی ئەوەی کە دەسەڵاتدارانی ئێران هەست بە ئەمنییەت نەکەن و لە ترسی گیانی خۆیان، هەر شەوەی لە شوێنێک بمێننەوە.
شەهبازی وتوویەتی کە دەسەڵاتدارانی ئێران بۆ پاراستنی گیانی خۆیان پێویستە ئاگاداری هەڵگرتنی مۆبایلەکانیان بن.
شەهبازی کە پێشتر ئەندامی حیزبی توودە بووە و دوای پێکهاتنی وەزارەتی ئیتلاعات لە ساڵی ١٣٦١ـەوە هاوکاریی وەزارەتی ئیتلاعاتی کردووە وتوویەتی: کە ئیسرائیل جگە لە هێزی ئاسمانی و مووشەک، لە نێوخۆی ئێراندا، تۆڕی سیخوڕیی زۆری دروست کردووە.
دوای بڵاوبوونەوەی ئەو قسانەی شەهبازی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، ناوبراو ڕایگەیاند کە بە فەرمی سەر بە وەزارەتی ئیتلاعات نەبووە و تەنیا لە بنکەیەکی ئەو وەزارەتە کاری کردووە.