
دادگای باڵای ئێسپانیا، ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانی بە دەستێدابوون لە هەوڵی کوشتنی "ئالخاندرۆ ویدال کوادراس" سیاسەتمەداری دیاری ئێسپانیایی و جێگری پێشووی پارلەمانی ئورووپا تۆمەتبار کردووە.
ویدال کوادراس بە شێوەی ئاشکرا پشتیوانیی لە دژبەرانی کۆماری ئیسلامی دەکرد، بۆیە لە ڕۆژی ١٨ی خەزەڵوەری ١٤٠٢ لە مادرید، کرایە ئامانجی هێرشێکی چەکدارانەی ماتۆڕسوارێکی نەناسراو.
ناوبراو هەرچەند لەم هێرشە ڕزگاری بوو، بەڵام بەسەختی سەر و شەویلکەی بریندار بوون.
دادوەری پێڕاگەیشتن بە دۆسییەکە بە ڕاشکاوی ڕایگەیاند کە ئەم هێرشە، هەوڵێکی بەرنامەبۆداڕێژراو بە ئامانجی سیاسی و لە ڕاستای تۆڵەکردنەوە لە پشتوانییەکانی ویدال کوادراس لە ئۆپۆزسیۆنی کۆماری ئیسلامی بووە.
ئەمە یەکەم جار نییە کە ناوی کۆماری ئیسلامی لە پێوەندی لەگەڵ پرسی تێرۆر لە ئورووپادا دێتە گۆڕێ.
لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا، ڕێکخراوە ئیتلاعاتییەکانی وڵاتانی ڕۆژاوایی چەندین جار تارانیان بە داڕشتنی گەڵاڵە و جێبەجێکردنی نەخشەی تێرۆر دژی دژبەران و ڕەخنەگران لە خاکی ئورووۆپادا تۆمەتبار کردووە؛ لەوانە ڕێکخراوی ئیتلاعاتی هۆلەند لەم دواییانەدا ڕایگەیاندووە کە کۆماری ئیسلامی لە دوو حاڵەتی هەوڵی کوشتندا لە هۆلەند دەستی هەبووە و ئەو کەسەی کە کارەکەی کردووە لە دۆسییەی کوادراسیشدا بە هەوڵی کشتنی هاووڵاتییەکی ئێرانی لە هولەند تۆمەتبار کراوە.
دادوەری دۆسییەکە هەروەها ڕایگەیاندووە کە هەشت گومانلێکراوی سەرەکیی ئەم دۆسییەیە، ئەندامانی ڕێکخراوێکی تاوانکار بوون کە بە ئامانجی ئەنجامدانی کاری تێرۆریستی، هەوڵی دابینکردنی چەک، پارە و کەرەستەی هاتوچۆیان داوە.
"ئالخاندرۆ ویدال کوادراس" کە لە نێوان ساڵەکانی ١٣٨٨ هەتا ١٣٩٣ جێگری پارلەمانی ئورووپا بووە، زۆر جار هۆشداری دابوو کە ڕێژیمی ئێران، هەڕەشە بۆ سەر ئەمنییەتی ئورووپایە و پاش ئەو هێرشەش بە ڕاشکاوای کۆماری ئیسلامیی بە بەرپرس لەم تێرۆرەدا زانی.