
ڕۆژی سێشەممە ١٧ی پووشپەڕی ١٤٠٤ی هەتاوی، "نیکۆلا لێرنێر" سەرۆکی ڕێکخراوی زانیاری و هەواڵگریی فەرانسە ڕایگەیاند کە دامەزراوە ناوکییەکانی ڕێژیمی ئێران، گەورەترین زیانیان پێ گەیشتووە بەڵام بەو هێرشانەی ئامریکا و ئیسرائیل، ڕێژیمی ئێران زیاتر لە جاران هەوڵ بۆ دروستکردنی چەکی ئەتۆمی دەدات.
ناوبراو هەروەها ڕایگەیاندووە کە بە هێرشی ئامریکا و ئیسرائیل، زۆربەی دامەزراوە ناوکییەکانی ڕێژیم لەناو چوون.
ناوبراو هەروەها وتی کە فەرانسە شوێنی ڕاگرتنی ئۆرانیۆمی بەرهەمهێنراوی ڕێژیمی ئێران دەزانێت بەڵام تا گەڕانەوەی چاوەدێرانی ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ئەتۆم، شوێنەکە ئاشکرا ناکات.
ئەو لێدوانانە بە دوای ئەوەدا هاتن کە کۆمەڵێک لە سیاسەتمەدارانی ئورووپایی باسیان لە پێداگربوونی زیاتری ڕێژیمی ئێران لەسەر دروستکردنی چەکی ناوکی دوای هێرشەکانی ئامریکا و ئیسرائیل بۆ سەر بنکە ناوکییەکانی ئەو ڕێژیمە کرد.
ئورووپاییەکان هەروەها پێیانوایه کە دانوستانەکانی ڕێژیمی ئێران ئەنجامێکی نابێت و ڕێژیم لەسەر پرسی ئەتۆمی بەردەوام دەبێت.