
لە درێژەی سیاسەتە سەرکوتکارییەکانی ڕێژیم بۆ سەر خەڵکی ئێران و بەلاڕێدابردنی شکستە ئیتلاعاتی و سەربازییەکانی لە دوایین بەرەوڕووبوونەوەی لەگەڵ ئیسرائیل، ئەمجارەوە هەواڵدەریی تەسنیم هەوڵی داوە کە کۆمەڵێک لە کاسبکارانی ئێران تۆمەتباری هاوکاریکردن لەگەڵ ئیسرائیل بکات.
پاش ئەوەی کە لە ڕۆژانی ڕابردوودا میدیاکانی ڕێژیم بەشێکی زۆر لە شکستە ئیتلاعاتییەکانی کۆماری ئیسلامییان بە سیخوڕیکردنی هاووڵاتییانی ئەفغانستانی و بیانی گرێ داوەتەوە، لە هەوڵێکی نوێدا هەواڵدەریی تەسنیمی سەر بە سپای پاسداران لە وتووێژێک لەگەڵ یەکێک لە بەرپرسانی ڕێژیمدا کۆڵبەرانی بە هاوردەکردنی چەکوچۆڵ تۆمەتبار کردووە.
لەم وتووێژەدا جێگری سەرۆکی کۆمیسیۆنی ماددەی ٩٠ـی مەجلیسی ڕێژیم ڕایگەیاندووە کە بابەتی کۆڵبەری دەتوانێت کەلینێکی ئەمنی بۆ هاوردەکردنی فڕۆکە بچووکەکان دروست بکات و جەختیشی کردووەتەوە کە دەوڵەت دەبێت بە زووترین کات پێداچوونە بەم بابەتەدا بکات.
ئەم قسانەی حوسێنعەلی حاجی دێلیگانی لەکاتێکدایە کە بە وتەی خودی بەرپرسانی باڵای وەزارەتی ئیتلاعاتی ئێستا و پێشووی ڕێژیم، مووساد توانیویەتی دزە بکاتە نێو بەرزترین ئاستەکانی حکوومەت و دەوڵەتی ئێران.
کۆڵبەران تەنیا تۆمەتبارانی ئەم ڕۆژانە لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە نین، بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی لە ماوەی پێشوودا تۆمەتی هاوکاریکردن لەگەڵ ئیسرائیلیان خستووەتە پاڵ کامیۆنداران و پەرستارانی کۆمەڵگا.
پێشتر جێگری سەرۆکی یەکیەتیی کامیۆندارانی ئێران، شۆفێرانی بارهەڵگرەکانی کردە ئامانج و ڕایگەیاندبوو کە لەم سێنفەدا کەمتەرخەمی سەبارەت بە بابەتی دزەکردنی مووساد کراوە و بەم شێوەیە شۆفێرانی تۆمەتبار کردبوو.
هەروەها بەپێی زانیارییەکان، ڕێژیم لە پاش دەسپێکی شەڕەوە گوشارێکی یەکجار زۆری بۆ خەڵک و چین و توێژە جیاوازەکانی ئێران هێناوە و تاکوو ئیستا زیاتر لە هەزار کەسی بەتۆمەتی پێوەندیدار بە سیخوڕییەوە دەسبەسەر کردووە و ٦ کەسیشی لە سێدارە داوە.
هەروەها دەسەڵاتەکانی دادوەری و یاسادانەری کۆماری ئیسلامی بە چڕی لەهەوڵدان تاکوو بە دانانی یاسای نوێ، ڕێخۆشکەری سەرکوتەکانی ڕێژیم لە ڕێگەی لەسیدارەدانەکانەوە بن.
مجلیسی ڕیژیم بۆ ئەم مەبەستە تاکوو ئێستە دوو گەڵاڵەی پەسەند کردووە کە لە هەر دووکدا ژمارەیەکی بەرچاو تۆمەتی بێبنەما بۆ هاووڵاتییان داتاشراوە.