کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٢٢ ناوەندی بانکیی پەیوەندیدار بە سپای قودسی ڕێژیمی ئێران سزا دران

11:05 - 19 پووشپەڕ 2725

ڕۆژی چوارشەممە ١٨ی پووشپەڕی ١٤٠٤ی هەتاوی، وەزارەتی خەزێنەداریی ئامریکا، بەهۆی هاوکاری لە فرۆشی نەوتی ڕێژیمی ئێران لە ماوەی سزاکانی ئامریکادا، سزای خستە سەر ٢٢ کۆمپانی و ناوەندی دامەزراو لە هۆنگ‌کۆنگ، ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی و تورکیە.

وەزارەتی خەزێنەداریی ئامریکا ڕایگەیاند کە ئەو ناوەندە سزادراوانە، پارەی کۆکراو لە سایەی نەوتی ڕێژیمی ئێرانیان لە ڕێگای جیاواز و تۆڕی شاراوەوە گەیاندووەتە گرووپە نیابەتییەکانی هاوکاری سپای قودس لە ناوچەکە.

"ئێسکات بێسنێت" وەزیری خەزێنەداریی ئامریکا ڕایگەیاندووە کە ڕێژیمی ئێران داهاتی نەوتیی وڵات سەرفی خەڵکی ئەو وڵاتە ناکات بەڵکوو دەیکاتە تێچووی چەکوچۆڵ و هێزی مووشەکی و ناوکیی خۆی.

ناوبراو هەروەها جەختی کردووەتەوە کە ئامریکا لەسەر ئەوە سوورە کە ژێرخانەکانی ڕێژیمی ئێران کە مەترسی بۆ ئاسایشی ئامریکا و هاوپەیمانەکانی دروست دەکا، لەناو ببات.