کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێکخراوی هێزە چەکدارەکان ٦ مانگە قەرزی دەرمانخانەکانی نەداوەتەوە

11:08 - 19 پووشپەڕ 2725

هادی ئەحمەدی، ئەندامی لیژنەی بەڕێوەبەریی ئەنجومەنی دەرمانسازانی ئێران، ڕۆژی چوارشەممە ١٨ی پووشپەڕ، ڕایگەیاندووە کە لە ماوەی کەمتر لە ساڵێکدا دەرمانخانەکان پارەی ٤ هەزار میلیارد تمەن چەکی بانکییان بۆ جیبەجێ نەکراوە.
ئەحمەدی لە وتووێژێکدا سەبارەت بە قەیرانی بەشی دەرمان ڕایگەیاندووە کە لە ئێستادا شیرکەتەکانی "بیمە" قەرزداری دەرمانخانەکانن و هەروەها ڕێکخراوی هێزە چەکدارەکانیش نزیک ٦ مانگە کە قەرزی دەرمانخانەکانی نەداوەتەوە.
ناوبراو بە ئاماژەدان بە قسەکانی سەبارەت بە قەرزداریی ڕێکخراوەکان بە دەرمانخانەکان، جەختی کردووەتەوە کە ئەم بابەتە ڕەوتی دابینکردنی دەرمان تووشی کێشە دەکات.
ئەحمەدی سەبارەت بە ڕادەستنەکردنی پارەی دەرمانخانەکان لە کاتی خۆیدا ڕایگەیاندووە کە ئەم بابەتە دەبێتە هۆی کەمیی نەختینەیی و نەبوونی توانای دەرمانخانەکان بۆ دابینکردنی دەرمان و لە ئاکامیشدا قەیرانی کەمی و نەبوونی دەرمانەکان.
ئەندامی لیژنەی بەڕێوەبەریی ئەنجومەنی دەرمانسازانی ئێران جەختیشی کردووەتەوە کە چاوەڕوانیی ئەوەیان هەیە قەرزداران پارەی  دەرمانخانەکان لە کاتی خۆیدا ڕادەست بکەن تاکوو دەرمانخانەکان بەرەوڕووی کێشە نەبنەوە.
ناوبراو لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا بە ئاماژەدان بە هێندێک ئەپ و پلەتفۆرم بۆ کڕینی دەرمان ڕایگەیاندووە کە ئەم بیرۆکەیە هیچ باش نییە و دەرمانخانەکان باشترین ڕێگە بۆ کڕینی دەرمانن.
ئەحمەدی لەم پێوەندییەدا وتی: "زانیارییەکانی نەخۆش لە ڕێگەی ئەپپەکانەوە لە مەترسیی هەککراندایە و باش وایە کە هۆگری دەرمانخانەکان بین و لە خزمەتگوزارییەکانیان بەهرەمەند بین".