کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هاوپەیمانییەکی سیاسی: یەکەم کەس دەبوو خامنەیی دادگایی کرابایە

12:36 - 19 پووشپەڕ 2725

هاوپەیمانیی "یەکگرتوویی بۆ کۆماری سێکۆلاری دێموکرات لە ئێران"، لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە کە ئەگەر سیستمی دادوەریی ئێران دادپەروەرانە بایە عەلی خامنەیی، ڕێبەری کۆماری ئیسلامی، یەکەمین کەس دەبوو کە دادگایی دەکرا.
هاوکات لەگەڵ چڕبوونەوەی کەشی ئەمنی لەلایەن ڕێژیمەوە و دەسبەسەرکرانی بەکۆمەڵی خەڵک پاش شەڕی ١٢ ڕۆژە، ئەم هاوپەیمانییە لە بەیاننامەکەیدا خوازیاری ئازادیی هەموو بەندکراوانی سیاسی، کۆتاییهێنان بە لەسێدارەدانەکان و کرانەوەی سیاسی لە ئێران بووە.
لە بەیاننامەکەدا باس لەوە کراوە کە دەسبەسەرکرانە بەکۆمەڵەکان و دەرکردنی حوکمەکانی لەسێدارە بۆ هێندێک لە تۆمەتباران بە سیخوڕی، دووپاتبوونەوەی توندوتیژیی ساختاری و سەرکوتی بیرجیاکانە.
بەیاننامەکە زیادی کردووە کە نە تەنیا هیچ یەک لە بەرپرسانی سیاسی، نیزامی و ئەمنییەتی سەبارەت بە شکستەکان لەهەمبەر ئیسرائیل لێپرسینەوەیان لێ نەکراوە، بەڵکوو دەسەڵات جارێکی دیکە هاووڵاتییان و پەنابەرانی ئەفغانستانیی کردووەتە قوربانیی شکستەکانی خۆی.
لە بەشێکی دیکەی بەیاننامەکەدا بە ئاماژەدان بە هەڕەشەکان بۆ سەر ئێران هاتووە: "بنچینەی ئەم هەڕەشانە لە کەلێنی نێوان خەڵک و حاکمییەتدایە نەوەک هەوڵی کەسانێک کە هیچ بەرپرسایەتییەکیان لە ئەستۆدا نییە" و جەختیش لەسەر ئەوە کراوەتەوە کە دەستەواژەکانی وەک "سیخوڕیکردن و هەوڵ بە دژی ئاسایشی نەتەوەیی"، تەنیا ئامرازی سەرکوتی بیرجیاکانی کۆمەڵگەیە و لە ئەمڕۆدا بۆ تۆڵەکردنەوە لە پاش شەڕ، لەلایەن ڕێژیمەوە بەکار دەهێندرێت.
ئەم هاوپەیمانییە لە کۆتاییدا بە ڕەتکردنەوەی ڕەوایی حوکمە دەرکراوەکان و شایستەنەبوونی دادگاکانی ڕێژیم بۆ پێڕاگەیشتن بە کاروباری سیاسی، خوازیاری ئازادیی بەپەلە و بێمەرجی هەموو بەندکراوە سیاسی و ئایینییەکان بووە و جەختیشی کردووەتەوە کە پێداچوونەوە بە تۆمەتگەلێکی وەک هاوکاریکردن لەگەڵ دوژمنی دەرەکی تەنیا کاتێک دێتە گۆڕی کە دادگاگەلێکی سەربەخۆ و لێهاتوو لە وڵاتدا بەرپا ببێت.