کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەوڵەتی سووریە: سووریە یەک وڵاتە و فێدراڵیزم لە دژایەتی حاکمییەتی یەکپارچەدایە

15:50 - 19 پووشپەڕ 2725

دەوڵەتی سووریە لە پاش دوایین چاوپێکەوتنی لەگەڵ شاندی هێزەکانی سووریەی دێموکرات، جەختی لەسەر یەکگرتوویی سووریە و پێبەندبوون بە مافەکانی کورد وەک بەشێکی دانەبڕاو لەم وڵاتە کردووە.
دەوڵەتی ئەحمەد شەرع ڕۆژی چوارشەممە ١٨ی پووشپەڕ لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، سووریە یەک وڵاتە بە یەک ئەرتەش و یەک دەوڵەت و هەر چەشنە شێوە حوکمڕانییەکی وەک فێدراڵیزم لە دژایەتی لەگەڵ حاکمییەتی کۆماری عەرەبیی سووریە و یەکپارچەبوونی دەزانێت.
لە بەیاننامەکەدا جەخت لەسەر ئەوە کراوەتەوە کە ئەرتەشی سووریە، دامەزراوەیەکی نەتەوەیی گشتگیر دەبێت بۆ هەموو پێکهاتەکانی ئەو وڵاتە و هەروەها دەوڵەت لە پەیوەستبوونی هێزەکانی سووریەی دێموکرات پێشوازی لەم ئەرتەشە لە چوارچێوەی یاسایی و لەسەر بنەماکانی یاسای بنەڕەتی دەکات.
دەوڵەتی سووریە ڕێزی لە هەوڵەکانی ئەمریکا بۆ چاوەدێریکردن بە سەر ڕێککەوتنی نێوان دەوڵەت و هێزەکانی سووریەی دێموکرات گرتووە و پشتڕاستیشی کردووەتەوە کە دواخستنی جێبەجێکردنی ئەم ڕێککەوتنە خەسارێکی نەتەوەیی بەدواوە دەبێت.
هەر لەم پێوەندییەدا سەرچاوەیەکی ئاگادار ڕایگەیاندووە کە ڕوانگەی دەوڵەتی سووریە ئەوەیە کە ڕێکخراوە دەوڵەتییەکان لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هێزەکانی سووریەی دێموکرات دابمەزرێتەوە و بۆشایی ئیداریی لەم ناوچانە کۆتایی پێ بهێندرێت.
ئەم سەرچاوەیە زیادیشی کردووە کە ڕوانگەی دەوڵەتی سووریە بۆ کۆمەڵگەی کوردی ئەوەیە کە ئەم کۆمەڵگە هەمووکات بەشێک لە پێکهاتەی فرەچەشنی کۆمەڵگەی سووریە بووە و دەشمێنێتەوە.
دەوڵەتی شەرع پشتڕاستی کردووەتەوە کە مافی هەموو هاووڵاتییانی سووریە، لە چوارچێوەی دامەزراوە فەرمییەکانی وڵات و نە لە دەرەوەی ئەو چوارچێوەیە دەپارێزرێت.
جێی ئاماژەیە کە هێزەکانی سووریەی دێموکرات بە سەرکردایەتیی مەزڵووم عەبدی، بەشێکی زۆر لە ناوچەکانی ڕۆژاوای کوردستانیان لەژێر کۆنتڕۆلدایە.
پاش ڕووخانی ڕێژیمی بەشار ئەسەد و هاتنەسەرکاری حاکمییەتی نوێ لە سووریە، وتووێژەکان لە نێوان بەرپرسانی ڕۆژاوای کوردستان و دەوڵەتی سووریە بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنیکی گشتگیر بە یارمەتیی ئەمریکا، بەردەوام بووە.

ڕەشەمەی ساڵی ڕابردوو دەوڵەتی سووریە لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندبوو کە لەگەڵ هێزەکانی ڕۆژاوای کوردستان گەیشتوونەتە ڕێککەوتنێک کە بەپێی ئەو ڕێککەوتنە مافەکانی نەتەوەی کورد لە چوارچێوەی سووریەی نوێدا دەستەبەر دەکرێت و هێزەکانی سووریەی دێموکراتیش لەگەڵ هێزە چەکدارە فەرمییەکانی ئەو وڵاتە تێکەڵ دەکرێتەوە.