
ئەمریکا ڕایگەیاند کە حوسییەکانی یەمەن دوای هێرشێکی کوشندە بۆ سەر کەشتییەکی بارهەڵگر لە دەریای سوور ژمارەیەک پێرسۆنێلی کەشتییەکەیان بە بارمتە گرتووە.
هاوکات ڕۆژی پێنجشەممە ١٩ی پووشپەڕ، حوسییەکانی یەمەن کە لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە پشتیوانی دەکرێن، ڕایانگەیاند کە بە مووشەکی ئێرانی ''زۆلفەقار'' فڕۆکەخانەی بن گوریون لە تێلاڤیڤیان کردووەتە ئامانج.
ئەرتەشی ئیسرائیل بەرەبەیانیی ١٩ی پووشپەڕ، ڕایگەیاند کە زەنگی هۆشداریی هێرشە ئاسمانییەکان لە ژمارەیەک ناوچەی ئیسرائیل لە دوای هێرشێکی مووشەکیی حوسییەکان لێ دراوە.
ئەرتەشی ئیسرائیل ڕایگەیاند سیستەمی بەرگریی ئەو وڵاتە ڕێگریی لە مووشەکی حوسییەکان کردووە و خستوویەتیە خوارەوە.
هێرشی نوێی حوسییەکان بۆ سەر فڕۆکەخانەی بن گوریون لە دۆخێکدایە کە بە ئاگربەست شەڕی کۆماری ئیسلامی و ئیسرائیل ڕاوەستاوە.
لە سەرەتای ئەم حەفتەیەوە کە هێزی ئاسمانیی ئیسرائیل بە دەیان فڕۆکەی شەڕکەر ژمارەیەک بەندەری ژێر کۆنترۆڵی حوسییەکان لە یەمەنی کردە ئامانج، هێرشە مووشەکییەکانی ئەو گرووپە بۆ سەر ئیسرائیل بەردەوامە.
لە لایەکی دیکەوە حوسییەکان بەرپرسیارێتی خۆیان لە هێرش بۆ سەر کەشتیی ''ئێتێرنیتی سی'' لە دەریای سووردا لە ئەستۆ گرت کە دوای ئەو هێرشە لەژێر ئاو کەوت، ئەو گرووپە ئیدعای ئەوەی کردووە کە ئەو کەشتییە بەرەو ئیسرائیل دەچوو.''
لە ئاکامی ئەو هێرشەی حوسییەکاندا چوار پێرسۆنێلی کەشتییەکە کوژران و شەش کەسیان ڕزگاریان بووە و لە ١٥ پێرسۆنێلی دیکەی ئەو کەشتییە هیچ زانیارییەک نییە و پێدەچێت ڕفێندرابێتن''.
هەروەها یەکشەممەی ڕابردوو حوسییەکان بە مووشەکێک کەشتیی ''مەجیک سیز''یان لە دەریای سوور کردە ئامانج و گرتەیەکی ڤیدیۆیی نوقمبوونی کەشتییەکەیان بڵاو کردەوە، بەڵام ٢٢ پێرسۆنێلی کەشتییەکە لەلایەن کەشتییەکی بازرگانییەوە کە بەلایدا تێدەپەڕی ڕزگار کران.