کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کەڵکئاوەژووی ڕێژیم لە ناوی ڕێکخراوی "مافی مرۆڤی کوردستان"/ "ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان" ئەم هەوڵەی مەحکووم کرد

17:18 - 19 پووشپەڕ 2725

وەزارەتی ئیتلاعاتی ڕێژیم بە کەڵئاوەژوو لە ناو و لۆگۆی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان، لە هەوڵی هاندانی ڕای گشتی و هەڕەشە و ترساندنی چالاکانی سیاسیی کورددایە.

نووسینگەی ڕێکخراوی "مافی مرۆڤی کوردستان" بە بڵاوکردنەوەی ڕاگەیەندراوێکی فەرمی لە ماڵپەڕەکەی خۆیدا، کەڵئاوەژوو لە ناو و لۆگۆی ئەم ناوەندەی لەلایەن کاناڵێکی تێلێگرامییەوە بە توندی مەحکووم کردووە و ئەمەی بە هەوڵێکی فریودەرانەی نایاسایی ناو بردووە.

لەم ڕاگەیەندراوەدا هاتووە: "لەم دواییانەدا کاناڵێکی تێلێگرامی بە ساختەکاری و کەڵکوەرگرتن لە شوناسی ڕێکخراو، بەیاننامەیەکی ساختەی بڵاو کردووەتەوە و بە پشتبەستن بە بڕیاری شۆرای ئەمنیەتیی نەتەوەیی عێراق، داوای لە حیزبە کوردستانییەکان کردووە کە خۆیان هەڵوەشێننەوە یان خاكی عێراق بەجێ بهێڵن."

ئەم ڕێکخراوە هەروەها ڕایگەیاند کە لە دوای کۆتاییهاتنی سزای ١٠ ساڵ بەندکرانی محەممەدسدیق کەبوودوەند بەرپرسی ئەم رێکخراوە و بەهۆی بەردەوامیی ڕێگرییەکان و سنوورداربوونی کارەکانیان، چالاکییەکانی لە ماوەی ساڵانی رابردوودا کەم بووەتەوە، بەڵام لە کاتی پێویستدا لە ڕێگەی ماڵپەڕی فەرمیی خۆیەوە هەواڵ و زانیاری بڵاو دەکاتەوە.

بەپێی ڕاگەیاندنی ئەم ناوندە مافی مرۆییە، ئەو بەیاننامەیە کە لەلایەن ئەو کاناڵە تێلێگرامییەوە بڵاو کراوەتەوە هیچ پێوەندییەکی بەم ڕێکخراوەوە نییە و نموونەی ئاشکرای ساختەکاری و کەڵئاوەژووی سیاسییە.

بەپێی بەدواداچوونەکانی ژووری هەواڵی ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و لە زاری چەند سەرچاوەی نزیک بەم ڕێکخراوە مافی مرۆییەوە باس لەوە کراوە کە وەزارەتی ئیتلاعاتی ڕێژیم کەڵكی لە ناو و لۆگۆی ئەم ڕێکخراوە وەرگرتووە و کورتەنامە و پەیامی هەڕەشەئامێزی بۆ چالاکانی سیاسی ناردووە.

ئەم چەشنە شەڕە ڕەوانییە و ساختەکاری لە زانیاریدا بەشێک لە سیاسەتی هەڕەشەئامێزی کۆمای ئیسلامی بۆ زیانگەیاندن بە پێگەی رێکخراوە مافی مرۆییەکان، نانەوەی دووبەرەکی لە نێوان حیزبە کوردستانییەکان و بە مەبەستی خۆشکردنی بەستێن بۆ کردەوەی تێرۆریستی دژی چالاکانی کورد لە خاکی عێراقە.

کۆماری ئیسلامی لە ساڵانی ڕابردوودا چەندین جار دەستی داوەتە تێرۆر و ڕفاندنی چالاکان و بۆمبارانی ئاسمانیی بنکە و بارەگای حیزبە سیاسییەکان لە هەرێمی کوردستان و ئەم هەوڵە نوێیەشی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا، درێژەی هەمان ستراتێژیی سەرکوت و ترساندنە.