
ڕافائێل گروسی، بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ناوکی لە وتوێژێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەیەکی لەهێستانی جەختی لەوە کردەوە کە هیچ نیشایەک بۆ ئەوەی ئێران خاوەنی چەکی ئەتۆمی بێت نییە، بەڵام کەمبوونەوەی ئاستی هاوکارییەکانی تاران لەگەڵ ئاژانسدا پەرەی بە مەترسییەکان لەسەر ئەمنییەتی جیهانی داوە.
ڕافائێل گروسی ڕۆژی چوارشەممە ١٨ی پووشپەڕ، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی "ژچپۆ سپۆلیتا"ی لەهێستانی ڕایگەیاند: ''هیچ بەڵگەیەک نییە کە ئێران چەکی ناوکی هەبێت، بەڵام مەترسییەکان ڕوو لە زیادبوون دەکەن.''
گروسی بە ئاماژەدان بە کەمبوونەوەی دەستپێڕاگەیشتنی پشکێنەرانی ئاژانسی نێودەوڵەتی بەسەر دامەزراوە ناوکییەکانی ئێران، ئەم دۆخەی بە هەڕەشە بۆ سەر ئەمنییەتی نێودەوڵەتی وەسف کرد و هۆشداریی دا: "هەرچەندە دەستپێڕاگەیشتنمان کەمتر بێت، مەترسییەکان زیاتر دەبن".
ڕۆژنامەی واڵ ستریت ژۆرناڵ ڕۆژی ١٣ی پووشپەڕ لە زاری سەرچاوە ئاگادارەکانەوە ڕایگەیاندووە کە ژمارەیەک لە پشکێنەرانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ناوکی کە لە کاتی ململانێی ئەم دواییەی نێوان ئیسرائیل و کۆماری ئیسلامی لە تاران ئامادە بوون بە هۆکاری ئەمنییەتی ئێرانیان بەجێ هێشتووە.
لەو پێوەندییەدا نیکۆلا لێرنر، بەرپرسی بەڕێوبەرایەتیی گشتیی ئەمنییەتی دەرەوەی فەرانسە، لە وتووێژێکدا لەگەڵ کاناڵی ''ئێڵ سی ئای''، ڕۆژی چوارشەممە ١٧ی پووشپەڕ وتی: ''هەموو قۆناغەکانی بەرنامەی ناوکی ئێران زیانێکی زۆریان پێ گەیشتووە و دواکەوتوون، بەڵام هێشتا سەبارەت بە شوێنی ئۆرانیۆمی پیتێنراوی ئێران هیچ دڵنیایییەک نییە.''