
کۆمیتەی ئیتلاعات و ئەمنییەتی پارلەمانی بریتانیا هۆشداریی داوە کە کۆماری ئیسلامی یەکێک لە جیددیترین هەڕەشە دەوڵەتییەکان بۆ سەر ئەمنییەتی نەتەوەیی بریتانیایە و ئەم هەڕەشەیە کۆماری ئیسلامی لە ئاستی هەرەشەی ڕووسیە و چیندا هەڵدەسەنگێنێت.
لە ڕاپۆرتێکدا کە ڕۆژی پێنجشەممە ١٩ی پووشپەڕ لەلایەن کۆمیتەی ''ئای ئێس سی'' بڵاو کراوەتەوە، ئاماژە بە زیادبوونی بەرچاوی هەوڵی تاران بۆ ئەنجامدانی "تێرۆر، سیخوڕی و هێرشی سایبێری" لە خاکی بریتانیا کراوە و داوای لە دەوڵەت کردووە پێداچوونەوەیەکی بنەڕەتی بە ستراتێژیی خۆی بەرامبەر بە کۆماری ئیسلامیدا بکات.
ئەم ڕاپۆرتە باسی لە زیادبوونی هەڕەشەکانی کۆماری ئیسلامی لە بریتانیا کردووە کە ڕێژیمی ئێران لە ساڵانی ڕابردوودا هەڵمەتێکی بەربڵاوی بۆ تۆقاندن و هەڕەشەکردن لە نەیاران و میدیاکاران دەست پێ کردووە.
ئەم ڕاپۆرتە ٢٦٠ لاپەڕەیە و بە پشتبەستن بە زانیارییە نهێنییەکان و چاوپێکەوتن لەگەڵ بەرپرسانی باڵای دامەزراوەکانی وەک ئێم ئای ٦ و ئێم ئای ٥ (دەزگای هەواڵگریی سەرەکی بریتانیا)، ناوەندی پەیوەندییەکانی دەوڵەت، نووسینگەی کابینە و وەزارەتی نێوخۆ، وێنەیەکی گشتگیر لە پەرەسەندن لە جۆری هەڕەشەکانی کۆماری ئیسلامی نیشان دەدات.
ئەو کۆمیتەیە لە بەشێکی ڕاپۆرتەکەدا جەختی لەوە کردووەتەوە: ''ئامانجی بنەڕەتیی ڕێژیمی ئێران، پاراستنی مانەوە و ئەمنییەتی کۆماری ئیسلامییە. هەستی نائەمنیی ڕێژیم، بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ، هەڵسوکەوتەکانی رێک دەخات.''