کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیم لقێکی تایبەتی بۆ سزادانی خەڵک لەژێر ناوی خائین و بەکرێگیراو پێک هێناوە

10:16 - 10 پووشپەڕ 2725

 لە درێژەی کردەوە هەڕەشەئامێزەکانی دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی لە دوای شەڕی ١٢ ڕۆژە لەگەڵ ئیسرائیل، وتەبێژی دەزگای بەناو دادوەریی ڕێژیم پێکهێنانی لقی تایبەت بۆ هەڵسوکەوت لەگەڵ دۆسییەی ئەو کەسانەی ڕاگەیاند کە بە "خائین، بەکرێگیراو و خیانەتکار" ناوی بردوون.

ئەسغەر جەهانگیر وتەبێژی دەزگای بەناو دادوەریی ڕێژیم ڕۆژی دووشەممە ٩ی پووشپەڕ، لە کۆبوونەوەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: سیستمی دادوەری دوای هێرشی دوژمن دەستبەجێ بە هێز و بە خێرایی هەنگاوی ناوە و بە پشتبەستن بە فەرمانی بەرپرسی دەزگای دادوەری، بەدواداچوون بۆ کردەوەی کەسانی سەر بە دوژمن و پیلانگێڕان لە پێشەوەی هەموو کارەکان دەبێت.

بە وتەی جەهانگیر، لەم چوارچێوەیەدا فەرمانێک دەرچووە بۆ پێکهێنانی لقی تایبەت بۆ لێکۆڵینەوە لە دۆسییەکانی پێوەندیدار بە هاوکاری لەگەڵ دوژمن، هەروەها "چاودێریی تایبەت بۆ تۆڕە کۆمەلایەتییەکان" و "هەڵسوکەوت لەگەڵ ئەو ئەکاونتانەی کە هاوکاریی دوژمنیان کردووە" خراوەتە بەرنامەی کار.

هاوکات دوێنێ وردەکاریی پڕۆژە یاسای نوێی مەجلیسی ڕێژیم بۆ زیادکردنی سزای سیخوڕەکان و هاوکارانی دەوڵەتانی دوژمن بڵاو کرایەوە. بەپێی ئەو پڕۆژە یاسایە، هەر جۆرە هاوکارییەکی هەواڵگری، میدیایی، کولتووری، یان سیاسی لەگەڵ ئیسرائیل یان دەوڵەتانی دوژمنی دیکە بە نموونەی "افساد فی‌الارض" دادەنرێت و دەتوانێت سزای توندی لێ بکەوێتەوە.

لە دوای دەستپێکی شەڕی نێوان کۆماری ئیسلامیی ئێران و ئیسرائیل، شەپۆلێک لە سەرکوت و دەسبەسەرکردن لە ئێران دەستی پێ کردووە، لەو ماوەیە هەتا ئێستا زیاتر لە هەزار کەس بە تۆمەتی هاوکاریکردنی ئیسرائیل دەسبەسەر کراون و هەتا ئێستاش شەش کەس لە سێدارە دراون.