
لە درێژەی ڕەوتی بەرەو هەڵکشانی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە کوردستان، تەنیا لە ماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوودا، لانیکەم شەش هاووڵاتیی کورد لە شارەکانی مەهاباد و پیرانشار لەلایەن هێزە بەناو ئەمنییەتییەکانی کۆماری ئیسلامییەوە بە شێوەی سەرەڕۆیانە دەسبەسەر کران و بۆ شوینێکی نادیار ڕاگوێزران.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤیی "کوردپا" سەرلەبەیانیی ڕۆژی هەینی ٢٠ی پووشپەڕ، مەنسوور ڕەحیمی، هاووڵاتیی خەڵکی گوندی خوڕخوڕەی مەهاباد، دوای هێرشی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم بۆ سەر ماڵی باوکی دەسبەسەر کرا و بۆ شوینێکی نادیار ڕاگوێزرا.
هاوکات هاووڵاتییەکی دیکە بە ناوی سەلاح بەهامین، خەڵكی مەهاباد بە هێرشی هێزە سەرکوتکەرەکان بۆ سەر ماڵەکەی و دەستداگرتن بەسەر مۆبایلەکەیدا، بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.
هەر لەم ماوەیەدا کامران ڕێواز هاووڵاتیی دیکەی خەڵکی مەهاباد دوای هێرشی هێزە سەرکوتکەرەکان بۆ سەر ماڵەکەی دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.
هەروەها ڕۆژی پێنجشەممە ١٩ی پووشپەڕ، دوو هاووڵاتیی دیکەی خەڵكی گوندی ئەندێزی سەر بە شاری پیرانشار بە ناوەکانی عەزیزی خزری و زانیار خزری کە باوک و کوڕن لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە ڕفێندراون.
پێویستە بوترێ کە دەسبەسەرکرانی ئەم هاووڵاتییانە بە بێ بەڵگەی یاسایی بووە و هەموویان پاش دەسبەسەرکران بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزراون و تاکو ئێستا سەبارەت بە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتە وەپاڵدراوەکانیان زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.