
یوئاو گالانت، وەزیری پێشووی بەرگریی ئیسرائیل لە نامەیەکی بێوێنە و ڕاشکاودا، ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی بە شێوەی ڕاستەوخۆ کردە بەردەنگ و هۆشداری دا کە درێژەی ڕەوتی شەڕخوازانە، وێرانیی ژێرخانە سەرەکییەکانی ئێرانی بە دواوە دەبێ.
بەپێی ڕاپۆرتی کاناڵی "سی بی ئێس نیووز"، گالانت لەم نامەیەدا جەختی کردەوە کە کردەوە زێدەخوازانە ناوچەییەکانی خامنەیی لە ماوەی سێ دەیەی ڕابردووی بینیوە و ئێستا بە ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی ئیسرائیل و ئەمریکا، تۆڕی هێزە نیابەتییەکانی تاران لە ناوچەکە لەنێو چووە. بە وتەی ناوبراو، ستراتێژیی "ئەڵقەی ئاگر"ی کۆماری ئیسلامی شکستی خواردووە و درێژەی ئەمە تەیا تێچووی زیاتری بۆ ئێران دەبێ.
گالانت بە ئاماژە بە هێرشی حەماس لە ٧ی ئۆکتۆبری ٢٠٢٣دا کە بووە هۆی شێلگیربوونی ئیسرائیل، وتی: ئیسرائیل بۆ بەرگری لە خۆی بە بێ سەرنجدان بە تێچووەکان هەر کارێک دەکات.
وەزیری پێشووی بەرگریی ئیسرائیل بە ئاماژە بە ئۆپەراسیۆنە نهێنی و ئاشکراکان دژی پێکهاتەی سەربازی و ناوکیی ئێران، ڕایگەیاند کە ئیسرائیل توانیویەتی سامانەی پەدافەندی، ناوەندەکانی فەرماندەیی، دامەزراوە مووشەکی و ژێرخانە هەستیارەکانی ئێران بە شێوەی هاوشێوە لەنێو ببات.
ئەم بەرپرسەی پێشووی ئیسرائیل هەروەها ڕایگەیاند کە لە زۆر حاڵەتدا، کۆماری ئیسلامی تەنانەت نازانێ کە چۆن و لە کوێوە هێرشی کراوەتە سەر.
گالانت هۆشداریی بە خامنەیی دا کە لە ئەگەری بەردەوامبوونی دۆخی ئێستادا، ئیسرائیل ژێرخانە سەربازی و ناوکییەکانی ئێران لە هەر قۆناغێکدا لەنێو دەبات.
ناوبراو وتیشی: دەتوانن هێزە نیابەتییەکانتان نۆژەن بکەنەوە، بەڵام ئێمە لەنێویان دەبەین. دەتوانن بەرنامەی ناوکیتان پەرە پێ بدەن بەڵام ئەوەی بیبینین، لێی دەدەین.
گالانت لە کۆتاییدا سێ بژاردەی خستە بەردەم کۆماری ئیسلامی: نۆژەنکردنەوەی هێزە نیابەتییەکان، پەرەدان بە بەرنامەی ناوکی، یان وەلانانی پرۆژەی شەڕ لەگەل ئیسرائیل. ناوبراو جەختی کردەوە کە تەنیا بژاردەی سێهەم هەیە کە ئەتوانێ ئێران لە وێرانی بپارێزێ.
ناوبراو کۆماری ئیسلامیی لە بەرانبەر شەڕێکی مۆدێڕندا زانیوە و وتوویەتی ئێران لە سەردەمی ئانالۆگدا ماوەتەوە، لەکاتێکدا کە ئەمڕۆ ماهوارە، کەرەستە سایبێرییەکان، سەرجاوە مرۆییەکان و هەڵسەنگاندنی داتاکان، هەموو شتێک ئاشکرا دەکەن.