کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئێرانییەک لە ئامریکا بە تاوانی قاچاخی نایاسایی دەسبەسەر کراوە

17:19 - 21 پووشپەڕ 2725

ڕۆژی هەینی ٢٠ی پووشپەڕی ١٤٠٤ی هەتاوی، وەزارەتی دادی ئامریکا، کەسێکی ئێرانیی دانیشتووی ئامریکای بە تاوانی دژایەتیی سزاکانی سەر ڕێژیمی ئێران دەسبەسەر کردووە.

لە ڕاگەیەندراوی ئەو وەزارەتخانەیەدا هاتووە کە "بەهرام محەممەد ئوستواری" تەمەن ٦٦ ساڵ خەڵکی تاران و دانیشتووی سانتاموونیکا، ڕۆژی پێنجشەممە ١٩ی پووشپەڕ لە فڕۆکەخانەی لۆس‌ئانجلێسی ئامریکا دەسبەسەر کراوە.

ناوبراو بەهۆی داڕشتی پیلان بۆ جێبەجێنەبوونی سزاکانی سەر ڕێژیمی ئێران، دەسبەسەر کرابوو و لەلایەن دادگاوە سکاڵای لەسەر تۆمار کراوە.

لە ڕاگەیاندنی وەزارەتی دادی ئامریکادا هاتووە کە "ئوستواری" دامەزرێنەری ناوەندێک بووە و لەو ڕێگایەوە کەلوپەلی سیگناڵدان و هەواڵگری بۆ پرۆژەی ڕێگای ئاسنینی ڕێژیمی ئێران ناردووە. لەحاڵێکدا ناردنی ئەو کەلوپەلانە بۆ ڕێژیمی ئێران نایاسایی بووە.

ناوبراو وێڕای دەرچوونی ئەو بڕیارە لە ساڵی ١٣٩٩ی هەتاوی بەڵام ئەو کەسە لە ڕێگای دوو شیرکەتی وڵاتانی عەرەبییەوە، کەلوپەلی لە وڵاتی ئامریکا کڕیوە و بۆ تارانی بەڕێ‌ کردوون.

دەسەڵاتدارانی ئامریکایی وتوویانە کە ئوستواری لە سزاکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران ئاگادار بووە، بۆیە ناتوانێ حاشا بکات و هەروەها به یەکێک لە هاوکارەکانی خۆی وتووە کە زانیاری هەڵە لەو بارەیەوە بە کاربەدەستی پەیوەندیدار بداتەوە.

بەپێی بەدواداچوونی ئیدارەی لێکۆڵینەوەکانی وەزارەتی ئەمنییەت و ئیدارەی پیشەسازی و ئەمنییەتی وەزارەتی ئابووریی ئامریکا، ڕەنگە ئوستواری بە ٢٠ ساڵ زیندانی بە تاوانی بازرگانی نایاسایی سزا بدرێت.