
میرحوسێن مووسەوی، یەکێک لە ڕێبەرانی "بزووتنەوەی سەوز"، ڕۆژی هەینی ٢٠ی پووشپەڕ لە بەیاننامەیەکدا ئیسرائیل و ئەمریکای بە ئەنجامدانی تاوان بەدژی ئێران تۆمەتبار کرد.
مووسەوی کە لە ساڵی ١٣٨٩ی هەتاوییەوە و پاش خۆپیشاندانەکانی بزووتنەوەی سەوز لە ساڵی ٨٨ بەبۆنەی هەڵبژاردنەکانی سەرۆککۆماری لە ئێران، لە ماڵی خۆیدا لەگەڵ ژنەکەیدا بەند کراوە، لە نوێترین لێدوانی خۆیدا و سەبارەت بە ڕووداوەکانی ئەم دواییانەی ئێران ڕایگەیاندووە کە یەکگرتوویی خەڵک لە دۆخی شەڕدا نیشانەی ڕەزامەندی بە ڕێژیم نییە.
ناوبراو بە ئاماژەدان بە هێرشی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران و یەکگرتوویی خەڵک، هاوکات لەگەڵ ئێش و ئازارەکانیان لەم شەڕەدا، نووسیویەتی: "تۆقێنەرە ئەگەر کەسانێک لە خەونەکانیاندا ئەم کاردانەوەی کۆمەڵگا بە ڕەزامەندییەک لە شێوازی دەسەڵاتەکەیان لە قەڵەم بدەن".
ناوبراو لە درێژەدا جەختی لەسەر ئەوە کردووەتەوە کە پێکهاتەی ئێستەی کۆماری ئیسلامی نوێنەرایەتیی خەڵکی ئێران ناکات و داوای کردووە کە ڕێفراندۆمێک بۆ پێکهێنانی مەجلیسی دامەزرێنەرانی یاسای بنەڕەتی بەڕێوە بچێت.
مووسەوی لە کاتی خۆپیشاندانەکانی "ژن، ژیان، ئازادی" لە ساڵی ١٤٠١، ئەم داواکارییەی باس کردبوو.
ناوبراو لە کۆتایی بەیاننامەکەیدا وێڕای مەحکوومکردنی هێرشەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا بۆ سەر ئێران پشتڕاستی کردووەتەوە: "گەرەنتیی ڕزگاریی وڵات ڕێزگرتنە لە مافی دیاریکردنی چارەنووسی هەموو هاووڵاتییان، بەڵام پێکهاتەی ئێستای کۆماری ئیسلامی نوێنەرایەتی هەموو خەڵکی ئێران ناکات".