کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەرەسەندنی نیگەرانییەکان لە وازهێنان لە خوێندن لە سێبەری ناکارامەیی پێکهاتەی پەروەردەیی ڕێژیم

17:30 - 21 پووشپەڕ 2725

بەپێی داتاکانی ناوەندی ئاماری ڕێژیمی ئێران، ڕێژەی وازهێنان لە خوێندن لە ساڵی خوێندنی ١٤٠٣_١٤٠٢ لە قۆناغەکانی سەرەتایی و دواناوەندیی یەکەم بەرز بووەتەوە.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، نرخی وازهێنان لە خوێندن لە قۆناغی سەرەتایی گەیشتووەتە ١.٤٥ لەسەد کە بە بەراورد لەگەڵ ساڵی پێشووتری خۆی ٠.٢٥ لەسەد بەرز بووەتەوە؛ لەم نێوانەدا کوڕان بە نرخی ١.٥٣ لەسەد و کچان بە ١.٣٦ لەسەد، زیاترین خەساریان بەر کەوتووە.

لە قۆناغی دواناوەندیی یەکەمدا وازهێنان لە خوێندن ٦.٤١ لەسەد ڕاگەیەندراوە کە بە بەراورد لەگەڵ ساڵی پێش خۆی ٠.٩٤ لەسەد بەرز بووەتەوە و بەرزبوونەوەی وازهێنانی کوڕان لە خوێندن ١.٢ لەسەد و کچان ٠.٦٥ لەسەد بووە.

هەرچەند کە لە قۆناغی دواناوەندیی دووهەمدا ١.٣٥ لەسەد تۆمار کراوە بەڵام ئەم دابەزینە ئاکامی چوونەدەرەوەی پێشوەختەی قوتابییان لە سووڕی خوێندن لە قۆناغەکانی پێشتردا بووە.

عەلیڕەزا کازمی، وەزیری پەروەردەی ڕێژیم هۆکارەکانی وازهێنان لە خوێندنی بە هۆکارگەلێکی وەک ئابووری، خێزانی و کۆمەڵایەتی ناو بردووە بەڵام هیچ ڕێکارێکی کاریگەری بۆ دیاری نەکردووە.

غوڵامعەلی ئەفرووز، مامۆستای زانکۆی تارانیش پێشتر ڕایگەیاندبوو کە تەنیا ٧٠ لەسەدی قوتابییان لە وەرگرتنی دیپلۆمدا سەرکەوتوو دەبن.

هەروەها بە وتەی فەرشاد ئیبراهیمپوور، نوێنەری مەجلیسی ڕێژیم، نزیکەی دوو میلیۆن قوتابی لە ئەمساڵی خوێندندا نانووسییان نەکردووە؛ ژمارەیەک کە نیشاندەری قەیرانی قووڵ لە دەستڕاگەیشتن بە پەروەردەیە.

بەرزبوونەوەی ڕێژەی وازهێنان لە خوێندن، نیشانەیەکی ڕوون لە ناکارامەیی پێکهاتەی پەروەردەی ڕێژیم، نادادپەروەریی سیستماتیک و کەمتەرخەمی سەبارەت بە داهاتووی منداڵانە.