
وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا پشتڕاستی کردەوە کە لە هێرشی مووشەکی سێ حەوتوو لەمەوبەری ڕێژیمی ئێران بۆ سەر پایگای ئەلعودید لە قەتەر، مووشەکێکی بالستیک لەو پایگایە کەوتووە و زیانێکی کەمی لێ کەوتووەتەوە.
شن پانێل وتەبێژی پێنتاگۆن ڕۆژی هەینی ٢٠ی پووشپەڕ لە وەامێکی نووسراودا بۆ میدیاکان پشتڕاستی کردەوە کە لە هێرشە مووشەکییەکەی ڕێژیمی ئێران بۆ سەر پایەگای ئەلعودەید لە ٢ی پووشپەڕدا، مووشەکێکی بالستیک بەر ئەو پایەگایە کەوتووە و باقی مووشەکەکانیش لەلایەن سیستمی بەرگریی ئاسمانیی ئەمریکا و قەتەرەوە ڕێگرییان لێ کراوە.
وتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا زیادی کرد: هێرشەکە زیانێکی کەمی بە ئامێر و پێکهاتەکانی بنکەکان گەیاندووە و هیچ زیانی گیانیی بە دواوە نەبووە. پایەگای ئاسمانیی ئەلعودەید تا ئێستاش بە تەواوی کار دەکات و توانای جێبەجێکردنی ئەرکەکەی بۆ دابینکردنی ئەمننیەت و سەقامگیری لە ناوچەکەدا هەیە.
ئەمە یەکەمجارە لە دوای هێرشە مووشەکییەکەی ئێران بۆ سەر بنکەی ئەلعودەید کە پێنتاگۆن پشتڕاستی بکاتەوە کە یەکێک لە مووشەکەکان بەر ئەو بنکەیە کەوتووە.
دۆناڵد ترامپ ئەو هێرشەی بە "وڵامێکی زۆر لاواز" لەلایەن ئێرانەوە وەسف کرد. ئاماژەی بەوەش کرد، تاران ١٤ مووشەکی هاویشت کە ١٣ دانەیان ڕێگرییان لێ کراوە و یەکێکی دیکەشیان لە شوێنێکی چۆڵ کەوتووەتەوە خوارەوە.
ناوبراو لە هەژماری سۆشیاڵ میدیای خۆیدا نووسیبووی: دەمەوێت سپاسی ئێران بکەم کە زووتر ئاگاداری کردینەوە، ئەمەش وای کردووە هیچ کوژراوێک و هیچ بریندارێکمان نەبێت.''
لە حاڵێکدا شۆرای باڵای ئەمنییەتی میللیی کۆماری ئیسلامی بەیاننامەیەکی بڵاو کردەوە و ڕایگەیاند کە ئەو بنکەیە وێران کراوە، بەڵام وردەکارییەکانی سەبارەت بە ڕادەی زیانەکان نەخستە ڕوو.