کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سێ ئەندامی هێزە ئیتزامییەکانی ڕێژیم لە بەلووچستان کوژران

17:48 - 21 پووشپەڕ 2725

بەهۆی هێرشی چەکداریی ئەندامێکی سەر بە ڕێکخراوی "جەیشولعەدل" بۆ سەر دوو ماشینی نیزامی لەسەر ڕێگای کەنارەکانی چابەهار، لانیکەم سێ کەس لە ئەندامانی هێزەکانی ئینتزامیی ڕێژیمی ئێران کوژران و چەند کەسی دیکەش بریندار بوون.

بەپێی ماڵپەڕی ''حاڵ وەش''، ئەو دەرگیرییە کە ڕۆژی هەینی ٢٠ی پووشپەڕ ڕووی دا، سەرنشینانی یەکێک لە ماشینەکان توانیان لە شوێنی ڕووداوەکە هەڵبێن، پێش ئەوەی شەڕەکە توندتر بێت، بەڵام لە خولەکی سەرەتاییدا سێ ئەندامی هێزە ئیتزامییەکان لە ماشینەکەی دیکە تەقەیان لێ کرا و کوژران.

ناسنامەی سێ کەسە کوژراوەکە کە میدیا نێوخۆییەکان بڵاویان کردووەتەوە، بە ناوی "حەمیدڕەزا میرشاهی"، "حوسێن جەعفەرنیا" و "عەباس بەیرەقی فەرد" ڕاگەیەندراوە.

سەرچاوەکانی حاڵ وەش دەڵێن هێرشبەرەکە دوای هێرشەکە لە شوێنی ڕووداوەکە ماوەتەوە و لەگەڵ ئەو هێزانەی ڕەوانەی ناوچەکە کراون شەڕێکی سەختیان کردووە. دەرگیرییەکە نزیکەی دوو کاتژمێری خایاند و بەپێی زانیارییەکان، چوار ئەندامی هێزە ئیتزامییەکان بریندار بوون. دواجار هێرشبەرەکە دوای دەرگیرییەکی توند لەگەڵ ئەو هێزانەی کە ڕەوانە کرابوون کوژرا.

ڕێکخراوی جەیشولعەدل لە بەیاننامەیەکدا بەرپرسیارێتی خۆی لەو هێرشە وەئەستۆ گرت و ڕایگەیاند، ئەنجامدەری ئەو عەمەلیاتە ئەندامی "گوردانی فیداییانی عەدلی ئیلاهی " بووە. ئەو ئەو ڕێکخراوە ئیدعای ئەوەی کردووە کە لە کاتی تێکهەڵچوونەکەدا حەوت ئەندامی هێزەکانی ڕێژیم کوژراون و بریندار بوون.