
بیرمەندێکی کورد و خەڵکی شاری سەقزی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بوو بە براوەی خەڵاتی بەناوبانگی "وێست لەیک" لە وڵاتی چین.
ڕۆژی سێشەممە ١٧ی پووشپەڕ لە شاری هانگژۆی چین، دوکتۆر پەیمان (وریا) عێزەتی، بیرمەندی کورد، یەکێک لە خەڵاتە بەناوبانگە زانستییەکانی ئەم وڵاتە بە ناوی وێست لەیکی بۆ خۆی مسۆگەر کرد.
بەپێی ئەو زانیارییانەی کە بە ژووری هەواڵی ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران گەیشتوون و هەروەها گرتە ڤییدۆیەک کە دوکتۆر پەیمان خۆی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوی کردووەتەوە، ناوبراو لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا لە بوارەکانی وەک ئابووریی بازنەیی لە پیشەسازیی پۆلیمێری، تێکنۆلۆژی و گەشەدانی بەردەوام لە پیشەسازیی پۆلیمێری بەتایبەتی بە سەرنج خستنەسەر میکرۆپلاستیکەکان لە قەیرانی گەرمبوونی گۆی زەویدا کە نزیک بە ٢٠ داهێنانی لەسەر دروست کراوە، توانیویەتی ببێتە خاوەنی ئەم خەڵاتە.
خەڵاتی وێست لەیک یەکێک لە خەڵاتە بەناوبانگە زانستییەکانی وڵاتی چینە کە بە پسپۆڕان و بیرمەندانی دەرەکی کە ڕۆڵی سەرەکییان لە گەشەی زانست و تێکنۆلۆژیی چیندا هەبێت ئەدرێت. تاکوو ئێستە کەمتر لە ٧٠٠ کەس لە نێوان میلیۆنها بیرمەند و زانای دەرەکی توانیاویانە ئەم خەڵاتە مسۆگەر بکەن.
پەیمان عێزەتی، کوڕی مامۆستا محەممەد عێزەتی، کەسایەتی دیاری ناوچەکە لەدایکبووی ساڵی ١٣٥٩ی هەتاوی لە شاری سەقز و خاوەنی بڕوانامەی دوکتۆرای ئەندازیاریی پۆلیمێر، توانیی ئەم خەڵاتە لە ساڵی ٢٠٢٥ی زایینیدا بۆ خۆی مسۆگەر بکات.
وریا عێزەتی پێشتریش لە ساڵی ٢٠٢٢ی زایینیدا خرابوویە نێو لیستەی هەزار بەهرەی بیانی لە وڵاتی چین.