
بێنیامین نێتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل سەبارەت بە پرسی ناوکیی کۆماری ئیسلامی ڕایگەیاندووە کە لاوازبوونی حیزبوڵڵا و هێزە نیابەتییەکانی دیکەی، خێراییەکی بەرچاوی بە ڕەوتی پیتاندنی ئۆرانیوم داوە.
نێتانیاهوو لە وتووێژ لەگەڵ فاکس نیووزدا وتوویەتی ئێمە توانیمان بەرنامەی ناوکیی ئێران بۆ چەندین ساڵ دوا بخەین.
هاوکات، عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ڕێژیم ڕایگەیاندووە کە تاران خەریکی تاوتوێکردنی وردەکارییەکان بۆ دەستپێکردنەوەی وتووێژەکان لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکایە. بەڵام جەختی کردووەتەوە کە لە ئەگەری دەسپێکی وتووێژەکاندا، توانای سەربازی بەتایبەت لە بواری مووشەکی، قەت بەشێک لە وتووێژەکان نابێ.
عێراقچی لە کۆبوونەوەی دیپلۆماتە دەرەکییەکان لە تاراندا بە جەختکردنەوە لەسەر ئەوەی کە ڕێژیم هەموو توانایی سەربازییەکانی خۆی دەپارێزێ، وتی: ئەم تواناییە قەت وتووێژی لەسەر ناکرێ.
عێراقچی لەمبارەوە ڕاشیگەیاندووە کە کاراکردنەوەی مێکانیزمی ماشە، لە ڕێگەی سەپاندنەوەی گەمارۆ نێودەوڵەتییەکان دژی بەرنامەی ناوکیی ئێران، نیشانەی کۆتاییهانی ڕۆڵی ئورووپا لە دۆسییەی ناوکیی ئێران دەبێ.