کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کوژرانی ئەندامێکی حیزبوڵڵا لە هێرشێک بۆ سەر باشووری لوبنان

10:50 - 22 پووشپەڕ 2725

نووسینگەی ڕۆژنامەوانیی ئەرتەشی ئیسرائیل بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک ڕاگەیاندووە کە هێزی ئاسمانیی ئیسرائیل هێرشێکی وردی کردووەتە سەر باشووری لوبنان.

بەپێی ئەم بەیاننامەیە، ئەم هێرشە کراوەتە سەر دەوروبەری شاری خیام و ئامانجەکەشی ئەندامێکی حیزبوڵڵا بووە کە لەم هێرشەدا کوژراوە.

هەواڵدەریی فەرانسە ڕایگەیاندووە کە ئەرتەشی ئیسرائیل شوناسی کەسە کوژراوەکەی ڕانەگەیاندووە بەڵام وتراوە کە  ئەو کەسە لەسەر تانکێکی حیزبوڵڵا کاری کردووە.

هەر لەم پێوەندییەدا، وەزارەتی بێهداشتی لوبنانیش ڕۆژی شەممە ٢١ی پووشپەڕ، کوژرانی کەسێکی بە هۆی هێرشی ئاسمانیی ئیسرائیلەوە پشتڕاست کردەوە.

ئەرتەشی ئیسرائیل دواتر ڕایگەیاند کە کەسێک کە لەم هێرشەدا کوژراوە ناوی شوعەیبە و لە قاچاخی چەکوچۆڵ بۆ لوبنان ڕۆڵی هەبووە.

لە مانگی نۆڤامبری ڕابردووەوە، ئاگربەستێک لە لوبنان ڕاگەیەندراوە کە بە هۆیەوە دەرگیریی یەک ساڵەی نێوان ئیسرائیل و حیزبوڵڵا ڕاوەستا. سەرەڕای هەبوونی ئەم ئاگربەستە، ئیسرائیل بە شێوەی بەردەوام ناوچەکانی لوبنان بەتایبەت باشووری لوبنان دەکاتە ئاماج و ڕایگەیاندووە کە ئەم هێرشانە بۆ لەنێوبردنی ئەندامان یان بنکەکانی حیزبوڵڵایە.

ئیسرائیل جەختی کردووەتەوە کە لە هەوڵەکانی خۆی بۆ سەر هەر چەشنە هەڕەشەیەک دژی خۆی بەردوام دەبێت و ناهێڵی حیزبوڵڵا پێکهاتەی سەربازیی خۆی نۆژەن بکاتەوە و هۆشداری داوە کە هێرشەکانی هەتا چەککردنی یەکجاریی حیزبوڵڵا درێژەیان دەبێ.